چاوپێکەوتن
هەڵۆ ئەحمەد كوردە:بەدەر لە كاك مەسعود هیچ كەسێكی دیكە ناتوانێت بۆ پۆستی سەرۆكایەتی هەرێم بەدیلی سەرۆك بارزانی بێت ‌
  24/05/2013
  1696
*بارزانی لەناو دڵی خەڵكی كوردستاندایە بۆیە بەدەر لە جەنابی كاك مەسعود هیچ كەسێكی دیكە ناتوانێت بۆ پۆستی سەرۆكایەتی هەرێم بەدیلی سەرۆك بارزانی بێت
*ڕوداوە دڵتەزێنەكانی حەویجە و موسڵ هۆكاری سەرەكی دەگەڕێتەوە بۆ شەخسی نوری مالكی
*بەدوری نازانم پڕوشكی ئەو كوشتن و بڕینە بەر میلەتی كورد نەكەوێت

هەڵۆ ئەحمەد كوردە، ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی و بەرپرسی لقی(چوار)ی، پارتی دیموكراتی كوردستان، لە چاوپێكەونێكی تایبەتی(ئاژانسی گەشە)دا،ڕایدەگەیەنێت:"بارزانی لەناو دڵی خەڵكی كوردستاندایە و بۆیە بەدەر لە جەنابی مەسعود بارزانی، هیچ كەسێكی دیكە بۆ ئەم قۆناغەی ئێستا ناتوانێت  بەدیلی جەنابی مەسعود بارزانی بێت بۆ پۆستی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان"هەروەها ئەندام سەركردایەتیەكەی پارتی گەشبینە بەوەی جارێكی دیكەش  مەسعود بارزانی دەكرێتەوە بە سەرۆكی هەرێمی كوردستان،وەكو خۆی دەڵێت: دڵنیام مەسعود بارزانی دەكرێتەوە بەسەرۆكی هەرێم،دەربارەی هێرشە خوێناویەكەی چەند ڕۆژی ڕابردوی نێوان ناوچەكانی موسڵ و حەویجە ئەو بەرپرسەی پارتی هێما بۆ ئەوەدەكات:بوونی ئەو كوشتن و بڕینەی نێوان  حەویجە و موسڵ هۆكاری سەرەكی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو دەسەڵاتە تاكڕەویەی شەخسی نوری مالكی، بۆیە بەدوری نازانمپڕوشكی ئەو كوشتن و بڕینە بەرمیەلەتی كورد نەكەوێت.
ئاژانسی گەشە:پەیامینری سلێمانی
ئاژانسی گەشە: بەگشتی ڕەوشی سیاسی عێراق تاوەكو دێت بەرەو تەنگەژە هەنگاو دەنێت، بەتایبەتی لەم چەند ڕۆژەی دواییدا بوونی چەندین تەقینەوەی بەهێز لە ناوچەكانی موسڵ و حەویجە بووە هۆی كوژرانی چەندین هاووڵاتی سڤیل و دەیان چەكدار. بەبۆچوونی بەڕێزتان بۆچی كێشەكان هەنگاوی نا بەرەو كوشتن و بڕین؟
هەڵۆ ئەحمەد كوردە: وەكو دەزانین ماوەیەكە بەهۆی ئەو ئەقڵیەتە شۆڤێنیەی لە بەغداد هەیە یان جوانتر بڵێن بە هۆی ئەو تاكڕەوی و خۆسەپاندنەی نوری مالكی سەرۆك وەزیرانی عێراق، بووە هۆی دروستكردنی چەندین قەیران لەنێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی ناوەندی هەرچەندە تا هەنووكە ئەو قەیرانانە نەگەشتونەتە چارەسەر بەڵام نەشگەشتونەتە بنبەست، بۆیە ئێمە ئەگەر پێمان خۆشبێت یان پێمان ناخۆشبێت سەرجەمی كێشەكان ڕەنگدانەوەیەكی سلبی دەبێت لە شەقامی كوردیدا ئەوەی بۆ ئێمە جێگای دڵخۆشییە هەموو حیزبە كوردستانیەكانی ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵات، بەرامبەر بەغداد هاوهەڵوێستن ئەمەش نمونەیەكی گەشەو جێگای دڵخۆشییە، بۆیە ئێمە وەكو سەركردایەتی سیاسی میلەتی كورد، هیوادارین كۆتایی بەو گرژی و ئاڵۆزیانە بهێنرێت، دەربارەی مەسەلەی ئاشتی نێوان (كورد و توركیا)كە ئێستا بۆتە جێگای مشتومڕی نێوان ناوەندە سیاسیەكانی دەرەوە بەتایبەتی پەیامەكەی عەبدوڵا ئۆجەلان، بۆ پەكەكە بێگومان حكومەتی هەرێمی كوردستان و خودی جەنابی مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێم و جەنابی كاك نێچیرڤان بارزانی پێشتریش جەنابی بەڕێز مام جەلال كاریگەریەتیان لەسەری هەبوە بەبۆچونی بەندە ئەمانە هەمووی كۆمەڵێك كاری شازە لە شەقامی كوردیدا بەڵام لەكاتی نزیكبوونەوەی وادەی هەڵبژاردنەكانی پەڕلەمان و ئەنجوومەنی پارزێزگاكان حاڵەتێكی سروشتییە هەرچەندە كۆمەڵێك دەنگۆ لەسەر چۆنیەتی هەڵبژاردنەكان دروستدەبێت، ئەوەش بۆخۆی زۆرجار ڕەنگدانەوەی پۆزەتیڤ و نێگەتیڤی دەبێت، لە ڕوانگەی ئێمەوە ئەوەی جێگەی دڵخۆشییە هەنووكە بۆ ئەم قۆناغەی ئێستا زمانی دیالۆگ و وتوێژ و لەناو هەموو كیانە سیاسیەكان لە ئاستێكی باڵادایە.
ئاژانسی گەشە: ئاماژەت بەوەكرد: نوری مالكی سەرۆك وەزیرانی عێراق كەسێكی تاكڕەو خۆسەپێنە من دەپرسم بۆچی سەركردایەتی سیاسی كورد ناتوانێت تەحەدای هەوڵە شەڕانگێزیەكانی مالكی بكات؟ لەكاتێكدا سەركردایەتی سیاسی كورد، لە عێراقدا پێگەیەكی پتەوی هەیەو كورد خاوەنی چەندین پۆستی سیادی و هەستیارە ئایا مالكی سیاسیەكی ئەوەندە بەهێزە تاوەكو كورد نەتوانێت تەحەدای بكات؟
هەڵۆئەحمەد كوردە: ئەوە دەگەڕێتەوە بۆئەوەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، چەند نەتەوەیەكی سەرەكی گەورە بوونی هەیە یەكێك لەو نەتەوە گەورانە میلەتی كوردە بەداخەوە بەهۆی ئەوەی میلەتی كورد دابەشكراوە بەسەر نەتەوەی (عەرەب و تورك و فارس)پاشان عێراقی نوێ دامەزرا لەوكاتەوە ناكۆكی نێوان كورد و عەرەب سەری هەڵداوە هۆكارەكەشی ئەوەیە ئەقڵیەتی عەرەبی ڕازی نابێت بەوەی كورد میلەتێكە وەكو ئەو هاوبەشە لەم وڵاتەدا هەرچەندە لەوكاتانەی عەرەب تووشی شكستی سیاسی دەبێت  كاتێك ئێمە گفتوگۆیان لەگەڵدا دەكەین ئەوان باوەڕ بەهاوبەشی كوردو عەرەب دەكەن بەڵام كاتێك دەبوژێنەوە ئیتر حەساسیەتیان بەمەیلەتی كورد زیاتردەبێت،ڕاستە سەركردایەتی سیاسی كورد لەعێراقدا خاوەنی پۆستی هەستیارەو پێگەی سیاسیی پتەوە بەڵام خۆئێمە سڵ لە نوری مالكی ناكەین ئەوەنیە هەمیشە ئێمە سەركۆنەی هەوڵە شەڕانگێزەكانی مالكی دەكەین بەڵام بەداخەوە ئەقڵیەتی عەرەب باوەڕ بەهاوبەشی كورد و عەرەب ناهێنێت بۆئەوەی هەموومان بەئاسودەیی لەم وڵاتەدا درێژە بەخەباتی سیاسی خۆمان بدەین.
ئاژانسی گەشە: هەنووكە كوشتن و بڕین لەناوچەكانی حەویجەو موسڵ لە پەرەسەندندایە بۆچی ناكۆكیەكان گەشتوەتە حاڵەتی دڵتەزێن كێ لەم كارە نامرۆڤانە بەرپرسیارە؟
هەڵۆ ئەحمەدكوردە:هۆكاری ئەم كوشتن و بڕینە دەگەڕێتەوە بۆئەوەی كاتێك دوای ئەوەی ئەمریكا ئەم وڵاتەی داگیركرد، كۆمەڵێك تەیارات و ڕێكخراوی تیرۆریستی دروستكرا لە كۆنە بەعسیەكان و لە ڕێكخراوی ئەلقاعیدە بۆ ئەوەی بارودۆخی ئەمنی عێراق بشێوێنرێت، هەروەها كاتێك هێزەكانی ئەمریكا لەخاكی عێراق پاشەكشەی كرد، هەموومان ئومێدی ئەوەمان هەبو ئیتر ئێمە پێكەوە ئەم وڵاتە دەبەین بەڕێوەو بەتایبەتی ئەوكاتەی هەڵبژاردن كراو شەخسی نوری مالكی وەكو سەرۆك وەزیرانی عێراق دیاری كرا ئێمە بیرمان لەوە دەكردەوە مالكی دەتوانێت بەدیدێكی هاوبەش لەنێوانی(سونە،شێعە،كورد،)لەگەڵ كەمە نەتەوەكانی دیكە بە ئەقڵیەتێكی قوبڵكردنی دیموكراسیەت و شەراكەت مامەڵەیەكی تەندروست لەگەڵ هەموو كیانە سیاسیەكاندا بكات، تاوەكو ئەم وڵاتە بەشێوەیەكی دیموكراسی بەڕێوەبەرێت بەڵام تاكڕەویەكانی نوری مالكی و خۆسەپاندنەكانی بوەهۆكاری ئەوەی لەنێو ڕیزەكانی سونە و شێعەدا قوڵبوونەوە و زیندوبوونەوەی ناكۆكیەكانی سەدان ساڵەی سونە و شێعە سەرهەڵبداتەوە بێگومان لەسەرهەڵدانەوەی ئەم گرفتانە بەشێكی گرنگ لە داواو مافی هاووڵاتییان دێنە پێشەوە ئەمەش بۆخۆی داوایەكی ڕەوایە ئەگەر لەناو سونە و شێعە یان هەرپێكهاتەیەكی دیكەدا بێت، بێگومان ئێمە كاتێك باسی حەویجەو موسڵ دەكەین لەناو سونەكان و عەرەبدا ئەمە بۆخۆی كۆمەڵێك داوای ڕەوایە و خەڵكی خۆپیشاندانی بۆدەكات، بەڵام دووبارە ئەو گرووپە تیرۆریستییانەی دەیانەوێت ڕەوشی ئەمنی عێراق بشێوێنن ئەگەر ئێمە بەدوای سەرەداوی ئەم كوشتن و بڕینە حەویجە و موسڵدا بگەڕێین بێگومان هۆكاری سەرەكی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو دەسەڵاتە تاكڕەویەی شەخسی نوری مالكی خۆشبەختانە لەئێستادا كورد لەم حاڵەتانەدا بەدەرە بەڵام بەدروی نازانم پروشكی ئەم كوشتن و بڕینە بەر میلەتی كورد نەكەوێت.
ئاژانسی گەشە: ئاماژە بەوە دەكەیت حاڵەتەكانی كوشتن لە موسڵ و حەویجە دەستی تیرۆریستانی تێدایە لەلایەكی دیكەشەوە هۆكاری سەرەكی ئەوكارە تیرۆریستیانەی ئەم چەند رۆژە دەگەڕێنیتەوە بۆ شەخسی نوری مالكی كەواتە دەتەوێت بڵێت مالكی تیرۆریستە؟
هەڵۆئەحمەد كوردە: من ناڵێم مالكی تیرۆریستە و ئەو كشتن و كارە نامرۆڤانەی ناوچەكانی حەویجەو دەوروبەری دەستی تیرۆریستانی تێدایە بەڵام كاتێك خۆپیشاندان لەهەر وڵاتێكی دنیا دەكرێت،دەستێكی ئاژاوە گێڕ دێت و خۆپیشاندانەكە تێكدەدات، ئۆپەڕاسیۆنی دیجلە لەو ناوچانەدا بۆخۆی كێشەیەكی گەورەیە ئەمەش لەو ئەقڵیەتە تاكڕەویەو خۆسەپاندنەی نوری مالكییەوە هاتووە، بێگومان ئەمەش سەركوتی داواكاریەكانی خەڵكی دەكات، بۆیە خەڵكی دەڕژێتە سەر جادە بەڵام دووبارە لایەنە تیرۆریستیەكانی ئەلقاعیدەو پاشماوەی كۆنە بەعسییەكان تێكەڵی خۆپیشاندەران دەبن و هەوڵی ئەوە دەدەن جڵەوی خۆپیشاندانەكان بگرنە دەست و سەرەنجام ئەوكێشانە سەرهەڵئەدات.
ئاژانسی گەشە: بۆئەوەی عێراق لەكەش و هەوایەكی ئارام و سەقامگیردا بێت كلیلی چارەسەر بۆ كشێەكان چییە؟
هەڵۆئەحمەد كوردە: بە بۆچوونی من كلیلی چارەسەر ئەوەیە نوری مالكی بەخۆیدا بچێتەوەو بگەڕێتەوە سەر مەبدەئو تەوافوق و بڕگەو مادەكانی دەستور وە هەمو لایەنە سیاسیەكانی عێراق بەتایبەتی شێعە و سونە بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ و دەسبكەن بە چەسپاندنی جێبەجێكردنی بڕگەو مادەكانی دەستوری عێراق.
ئاژانسی گەشە: تۆدەڵێت: ئەمریكا داگیركەرە بەڵام ئەوەتا بۆئەوەی قەیۆانەكان چارەسەربكرێت، مالكی داوای گەڕانەوەی سوپای ئەمریكا دەكات،ئایا تەوەقوعی ئەوە دەكەیت دوبارە ئەمریكا ئامادەی ئەوەبێت لە عێراقی پڕكێشەدا سەربازەكانی بەكوشتن بدات؟
هەڵۆ ئەحمەد كوردە: هیچكات ئەمریكا ئەمادەنییە سەربازەكانی خۆی لە عێراقدا بەكوشتن بدات، كاتی خۆی ئەمریكا پڕۆژەیەكی گەورەی هەبو بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵام لە پڕۆژەكەیدا شكستی هێنا چونكە لەعێراقدا خەڵكێكی بێشومار و سەربازێكی زۆری بەكوشتندا لەڕووی داراییەوە زەرەرێكی زۆری كرد، بۆیە بەناچاری بەنیوەی مایەكەی عێراقی بەجێهێشت و گەڕایەوە وڵاتی خۆی هەرچەندە ئێستاشی لەگەڵدابێت، ئەمریكا بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆ هەیمەنەیەكی زۆری هەیە بەسەر عێراقدا بۆیە تەوەقوعی ئەوەناكەم جارێكی دیكە ئەمریكا بگەڕێتەوە خاكی عێراق.
ئاژانسی گەشە: دەوترێت هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان، ڕەوانەی ناوچەكانی حەویجە و موسڵ كراوە بەدیدی تۆ پێشمەرگە تاچەند دەتوانێت، سنورەكانی هەرێمی كوردستان، بپارێزێت؟
هەڵۆئەحمەد كوردە:ئاگاداری جوڵە پێكردنی هێزی پێشمەرگە نیم بەڵام ئەگەر ڕووداوێكی نەخوازراو ڕووبدات كە زیانی بۆ ئەمنی قەومی هەبێت بێگومان دەبێت هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان، لەحاڵەتی ئامادە باشیدابێت بۆیە من دڵنیام لەوەی پێشمەرگە لە هەر ئەگەرێكدا دەتوانێت بەرەنگاری نەیارانی میلەتی كورد بێتەوە چوونكە ئێمە لەكاتی خۆیدا خاوەنی چەكێكی بچوك بووین بەڵام پشتیوانیەكی مادیمان نەبوە بەڵام ڕژێمی بەعسی ڕووخاو خاوەنی هێزێكی بێشوومارو بودجەیەكی زەبەلاح بوە بەڵام ئێمە بەتوندی بەرپەرچمان داونەتەوە و تەحەدای هەموو دوژمنێكی میلەتی كوردمان كردوە ئێستاش كورد چەكی كاریگەری هەیەو گەنجەكانی كوردستان گڕوتینێكی بەهێزیان هەیە بۆ پاراستنی خاكەكەی خۆیان بۆیە پێشمەرگە دەتوانێت بەرگری لە كوردستان بكات، ئێمە چەكی بیرو باوەڕو قەناعەتمان هەیە بێگومان ئەو چەكەش لە هەموو چەكێك كاریگەرترو باشترێكە گرنگ ئەوەیە ئێمە بەهەر شێوەیەك بێت بەرگری لە وڵاتی خۆمان و كەرامەتی خۆمان دەكەین میلەتی كورد زۆر لەوە بەهێزترە ئۆپەڕاسیۆنی دیجلە یان نوری ملكی بتوانێت هێزەكانی ڕەوانەی كوردستان بكات، چونكە من دڵنیام ئەو ڕۆژنامەنووسەی یان ئەو سیاسی و ڕەخنەگرانەی بەردەوام ڕەخنەدەگرن ئەو ڕۆژە خۆیان پڕچەك دەكەن و بەرگری دەكەن.
ئاژانسی گەشە: لەغیابی جەلال تاڵەبانیدا تاچەند عێراق گۆڕانكاری سلبی بەخۆیەوە بینیووە؟
هەڵۆئەحمەد كوردە: بێگومان نەبوونی مام جەلال وەكو سەرۆك كۆماری عێراق لە پڕۆسەی سیاسیدا كاریگەری خراپی هەبووە هەموومان دەزانین مام جەلال بۆ ئێستای عێراق زۆر كاریگەرەو دەتوانێت، كێشەكان بەزمانی گفتوگۆ چارەسەربكات.
ئاژانسی گەشە: بەرەو هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان دەچین پارتی دیموكرات چۆن خۆی بۆ هەڵبژاردنی پارێزگاكان ئامادەكردووە؟
هەڵۆ ئەحمەد كوردە: ئێمە وەكو پارتی دیموكرات لەگەڵ پارتی دیموكرات ڕێكەوتننامەی ستراتیژی لەنێوانماندا هەیە پێمان وایە هاوپەیمانی ستراتیژی گرنگی زۆری هەیە بۆ میلەتەكەمان بەشێوازێكی جیاواز بۆ هەڵبژاردنی خۆمان ئەنجومەنی پارێزگاكان خۆمان ئامادەكردوە بێگومان ئێمە وەكو پارتی دیموكرات حیزبێكی گەورەین گەشبینین بەوەی دەنگێكی بێشومار مسۆگەر دەكەین ئێمە حیزبێكی دیموكراسین لەناو ڕیزەكانی پارتی دەیان بیروبۆچونی جیاواز بونی هەیە لەناو خودی پارتیدا خەڵكمان هەیە ئیسلامییە خەڵكمان هەیە ماركسی و لیبڕاڵییە بۆیە پارتی بەشێوازە دیموكراسیەكەی لەچاوەڕوانی هەڵبژاردنێكی پاكو بێگەردایە.
ئاژانسی گەشە :بژاردنەكانی ئەنجومەنی پارێزگاكان دەكات، ئایا ئەمە زەنگێك نییە بۆ هەڵوەشاندنەوەی ڕێكەوتننامەی ستراتیژی؟
هەڵۆ ئەحمەد كوردە: بۆیە لەگەڵ یەكێتی بەلیستێكی جیاواز بەشداری هەڵبژاردنەكان دەكەین بۆئەوەی هەریەكەمان سەنگ و قورسایی خۆمان بزانین، نەخێر ئێمەو یەكێتی لە ڕێكەوتننامەی ستراتیژی ناكشێینەوە چونكە ئەو ڕێكەوتننامەیە بوەتە هۆكاری ئەوەی نەوەكو شەڕی پاتی و یەكێتی نەبێت بەڵكو شەڕی لایەنەكانی دیكەش ڕوونەدات،ئەگەر هاوپەیمانی ستراتیژی نەبوایە هەموو خەڵكی كوردستان پەلاماری یەكتریان دەدا.
ئاژانسی گەشە: وەكو دەزانین ماوەی یاسایی مەسعود بارزانی سەركی هەرێمی كوردستان، بەرەو كۆتایی دەڕوات ماوەیەكە لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك جەخت لەوەدەكرێت،خۆكاندید كردنەوەی بارزانی بۆ پۆستی سەرۆكایەتی هەرێم سەرپێچی كردنە لەیاسا تۆچیی دەڵێیت؟
هەڵۆ ئەحمەد كوردە:لەزەمینەو كەشو هەوایەكی دیموكراسیدا خەڵكی ئەم قسانەدەكەن پێموایە ئەگەر خەڵكی لەڕوی مەسائیلی نیشتمانی و نەتەوەیی بیربكاتەوە پێویستە هەموو كەسێك بەوە ڕازی بێت بۆچەندین دەورەی دیكەش هەر سەرۆك بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بێت بەدەر لە جەنابی مەسعود بارزانی هیچ كەسێكی دیكە لەم كوردستاندا ناتوانێت بۆ پۆستی سەرۆكایەتی هەرێم بەدیلی سەرۆك بارزانی بێت.
ئاژانسی گەشە: دەوترێت پارتی دیموكرات كار بۆ كانید كردنەوەی بارزانی دەكات،بۆچونی تۆ چۆنە؟
هەڵۆئەحمەد كوردە:پارتی دیموكراتی كوردستان، كاربۆئەوە ناكات دوبارە جەنابی مەسعود بارزانی بكرێتەوە بە سەرۆكی هەرێم چونكە سەرۆك بارزانی لەناو دڵی خەڵكی كوردستاندایە سەرۆك بارزانی خاوەنی زیاتر لە نیو سەدە خەباتو تێكۆشانە دەتوانم بڵێم لەدوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس بارزانی تاكە كەسایەتی بووە نموونەی هەرە بەرزو باڵای نیشتمانی و نەتەوەی پێشكەشكردوە لە بەرگری كوردستان و چارەسەركردنی گرفت و قەیرانەكان.
ئاژانسی گەشە: دەتوانیت بەڕاشكاوی پێمان بڵێت، ئایا بارزانی دەكرێتەوە بەسەرۆكی هەرێم؟
هەڵۆئەحمەد كوردە: لەڕێگای دەنگدانەوە مەسعود بارزانی دەكرێتەوە بەسەرۆكی هەرێمی كوردستان، پێشتر سەرۆك بارزانی لە سەدا حەفتای دەنگەكانی بەدەستهێناوە بۆیە هەردەبێت بارزانی بكرێتەوە بەسەرۆكی هەرێم و وە دڵنیام دەشكرێتەوە بەسەرۆك.
ئاژانسی گەشە: بەڵام لەڕێگەی هەڵبژاردنەوە بارزانی مافی ئەوەی نییە بۆ پۆستی سەرۆكایەتی هەرێم خۆی كاندید بكاتەوە چونكە ئەمە دووەمین جارە سەرۆكی هەرێمە ئێوە دەتانەوێت لەڕێگەی پاڕلەمانەوە مەسعود بارزانی  بۆ پۆستی سەرۆكایەتی هەرێم هەڵبژێرێتەوە؟
هەڵۆ ئەحمەد كورد: سەرۆك بارزانی قبوڵی ناكات لەڕێگەی پەڕلەمانەوە بكرێتەوە بەسەرۆكی هەرێم، چونكە سەرۆك بارزانی لەناو دڵ و دەرونی خەڵكدا و بەدەنگی خەڵكی هەڵنەبژێرێت، جەنابی مەسعود بارزانی بەوە ڕازی نابێت. ڕاستە مەسعود بارزانی لە دوخولدا سەرۆكی هەرێمی كوردستان بووە بەڵام  لە خولی یەكەمدا پەڕلەمانی كوردستان دەنگی داوەتە جەنابی مەسعود بارزانی، ئێمە ئەوە دەكەینە بۆیە مەسعود بارزانی مافی خۆیەتی بكرێتەوە بە سەرۆكی هەرێم چونكە لە خولی یەكەمدا بارزانی لە ڕێگەی پەڕلەمانەوە هەڵبژێردراوە جاری دووەمیش بارزانی  بەدەنگی خەڵكی هەڵدەبژێرێت.
ئاژانسی گەشە: دەوترێت لە ئەگەری خۆكانید كردنی نەوشیروان مستەفا یان سەڵاحەدین بەهادین بۆپۆستی سەرۆكی هەرێم پارتی زەنگی مەترسی لێداوە تۆچی دەڵێت؟
هەڵۆ ئەحمەد كوردە: هەركەسێك بۆ پۆستی سەرۆكایەتی هەرێم خۆی كاندید دەكات بۆخۆی ئازادە،
ئاژانسی گەشە: گرنگترین دەستكەوتی مەسعود بارزانی لەماوەی خولی سەرۆكایەتی هەرێمدا بۆمیلەتی كورد چی بووە؟
هەڵۆ ئەحمەد كوردە: جەنابی مەسعود بارزانی لەماوەی سەرۆكایەتی خۆیدا دەستكەوتی زۆر گرنگی هەبووە بۆمیلەتی كورد، ئەگەر سەرۆكی هەرێم نەبوایە ئەگەر پارتی و یەكێتی و ڕێكەوتننامەی ستراتیژی نەبوایە هیچكات ئەمنیەتی كوردستان بەم شێوەیە نەدەبو هەموو وڵاتانی جیهان ئحتراف بەوەدەكەن بوونی مەسعود بەرزانی كلیلی ڕاگرتنی ڕەوشی سیاسی عێراق و هەرێمی كوردستانە پاشان بوونی ئەم ئازادییەی ئێستاو پاراستنی سەروماڵی هاووڵاتیان بەندە بە خودی جەنابی كاك مەسعود بارزانی.


زیاتر ...