چاوپێکەوتن
د.محمود عثمان :عێراق لە مەترسیدایە‌
  06/05/2013
  1824

د.مەحمود عوسمان،ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەچاوپێكەوتنێكی تایبەتی ئاژانسی هەواڵی (گەشە)دا،ڕایگەیاند:"ڕەوشی سیاسی عێراق ڕۆژ بە ڕۆژ بەرەو مەترسی هەنگاو دەنێت،بەتایبەتی بونی ئۆپەڕاسیۆنەكانی دیجلە هێندەی دیكە كردەوە تیرۆریستیەكانی لە عێراق زیاد كردووە،هەروەها دەڵێت:" بونی تەنگەژەكان دەگەڕێتەوە بۆ سیاسەتە چوتەكانی شەخسی نوری مالكی.
ئاژانسی هەواڵی گەشە :هەڵو نوری
ئاژانسی گەشە:بەگشتی هەرچوار پارچەی هەرێمی كوردستان بە قۆناغێكی هەستیاردا تێدەپەڕێت،بەتایبەتی كێشەكانی نێوان هەریم و بەغداد پاشان جێگیركردنی هێزەكانی ئۆپەڕاسیۆنی دیجەلە لەماوەی ڕابردودا ئێمە دەمانەوێت لەم چاوپێكەوتنەدا شرۆڤەی دواین گۆڕانكاریەكانی هەرێمی كوردستان بكەیت،ئایا هەرێمی كوردستان،لەقۆناغێكی مەترسیدایە؟
د.مەحمود عوسمان:"بەدیدی من هەنووكە بارودۆخی هەرێمی كوردستان،لەئاستێكی باشدایەو لایەنە سیاسیەكانی كوردستان، لەگفتوگۆ و ڕاوێژدان بۆئەوەی هاوكاری یەكتربكەین لە مەسائیلی نەتەوایەتی و نیشتمانیدا خۆشبەختانە هەمو لایەنە سیاسیەكان كاربۆئەوەدەكەن گەلی كورد یەك پارچەو هاو هەڵوێست بێت،بێگومان لەگەڵ بەغداد مناقەشەو گفتوگۆی چڕوپڕ هەیە بەڵام تاوەكو ئێستا نەگەشتوەتە ئەو ئاستەی كە جێگای دڵخۆشی بێت،بەتایبەتی لە دوای  گەڕانەوەی ڕاوێژ بۆ میلەتی كورد،بودجەی عێراق بەبێ ئامادەبونی نوێنەرانی كورد بوجە تێپەڕێندرا بێگومان ئەوە هۆكاری سەرەكی بو بۆئەوەی تەنگەژەكان فراوانتربێت،پاشان كشانەوەی وەزیرەكان و ئەندامانی پەڕلەمان لە عێراق ئەوەش كاریگەریەكی خراپی هەبو لەسەر ئەو بارودۆخە ئێمە گشتینە ئەو قەناعەتەی هەندێك پێكهاتەی سیاسی عێراق موتەفیقن لەسەر ئەوەی دژایەتی مەسەلەی پێشكەوتنەكانی كوردستان بكەن،بەبۆچونی من وایە بارودۆخی عێراق بەتایبەتی لەم ئان و ساتەی ئێستا بەشێوەیەكی بەرچاو ئاڵۆزی زۆری بەخۆیەوە بینیوە بەتایبەتی كوشتنی ژمارەیەك لە كاندیدەكانی عێراقیە لە تكریت و موسڵ هێندەی دیكە دۆخەكەی ئاڵۆز كردوە بەداخەوە كاندیدێكی باشی ئێمەش لە مەنتیقەی سەڵاحەدین شەهید كراوە بێگومان ئەمانە هەمووی تەنگەژەو ئاڵۆزین بۆیە عێراق گەیشتوەتە ئاستێكی زۆر باڵاو مەترسیدار لە تەنگەژەكاندا بۆیە لەئێستادا حكومەتی مالكی یان ڕونتربڵێم دەسەڵاتی عێراق بەگشتی ناتوانێت،دۆخەكە بپارێزن پاشان هێزەكانی ئۆپەڕاسیۆنی دیجلە نەوەكو نەیان توانیوە هێرشە تیرۆریستیەكان كەم بكەنەوە بەڵكو لەدوای دروستبونی ئەو ئۆپەڕاسیۆنەوە هێرشە تیرۆریستیەكان زیاتربوەو بۆیە هەنووكە بارودۆخی عێراق  لەمەترسی تیرۆر زیاتر نزیك دەبێتەوە.
ئاژانسی گەشە:وەكو دەزانین هەمیشە نوری مالكی وەكو نەیارێكی سەرسەخت، سەیری لایەنە سیاسیەكانی كوردستان دەكات،لەعێراق كاتێكدا سەرۆك كۆمار كوردەو چەند وەزارەتێكی هەستیار لەژێر ڕكێفی سەركردە كوردستانیەكاندایە بێگومان لەو چوارچێوەیەدا كورد تاڕادەیەك پێگەیەكی پتەوی هەیە بەحكومەتی عێراقدا،بەڵام دەبینین خودی مالكی وەكو سەرۆك وەزیرانی عێراق،هەوڵە شەڕانگێزەكانی بۆ سەرمیلەتی كورد چڕتردەكاتەوە دەكرێت بزانین باشترین چارەسەر چییە بۆئەوەی مالكی كێشەكانی گەلی كورد چارەسەر بكات؟
د.مەحمود عوسمان:"ئێمە گەشتوینەتە ئەو قەناعەتەی نوری مالكی سەرۆك وەزیرانی عێراق سیاسەتێكی تەندروستی نیەو كەسێكی توندڕەوە لەبەر ئەوە كاربەدەستانی عێراق،بەدرێژای مێژو كاتێك شەڕی گەلی كوردیان كردووە زەرەر و زیان نەبێت قازانجیان نەكردووە بەڵكو داهاتی عێراقیان  بەخۆڕای داوەتە چەك و تەقەمەنی و میلەتی كوردیان بەكوشتن داوە هەروەها بەو چەك و تەقەمەنیانە دێهاتەكانی كوردستانیان خاپور لەسەر خاك و ئاوی خۆمان گەلی كوردیان دەربەدەر كردوە بەڵام تائێستا نەیان توانیوە چارەسەری گرفت و كێشەكانی میلەتی كورد بكەن بۆیە گەشبینم بەوەی لەمەودوا هیچ كەسێك ناتوانێت مەسەلەی كورد بەهێزو بەچەك فشاربۆ گەلی كوردمان دروست بكات،بەبۆچونی من تەنها ڕێگا بۆچارەسەر كردنی كێشەكانی هەرێم مێزی گفتوگۆو زمانی دیالۆگە،ئەگەر نوری مالكی بیەوێت عێراق بەیەك پارچەی بەردەوام بێت،پێویستە بەر لەهەموشتێك كێشەكانی كورد،چارەسەربكات ئەگین گەلی كورد لە بەرامبەردا خیاری زۆری لەبەردەستدایە.
ئاژانسی گەشە:ئاماژەت بەوەكرد نوری مالكی سیاسەتێكی چەوتی هەیەو كەسێكی توندە باشە ئەگەر مالكی بەوشێوەیە مامەڵە لەگەڵ میلەتی كورد دەكات،بەڵام تاهەنووكە پارتی و یەكێتی  بەرامبەر نوری مالكی هەڵوێستێكی توندیان نەبوە بۆچی؟ئایا مالكی ئەوەندە لەڕوی چەك و تەقەمەنی بەهێزە تاوەكو هەرێم نەتوانێت،كاردانەوەی توندی هەبێت؟
د.مەحمودعوسمان:"هەمیشە كورد هەڵوێستی توندی هەبوە لەبەرامبەر جوڵانەوە خراپەكانی نوری مالكی بەتایبەتی دامەزراندنی ئۆپەڕاسیۆنی دیجلە ئەمە یەكێكە لە كارە خراپەكانی مالكی بەڵام لەبەرامبەر ئەوەدا وەكو كاردانەوەیەك هێزی پێشمەرگەی كوردستان،وەكو هێزێكی سەربازی لەئەگەر هەر ڕوداوێكی نەخوازراو لەحاڵەتی ئامادە باشیدابون بۆیە بەرەو سنورەكان بەڕێكەوتن بۆ ئەوەی سەنگەریان لێبگرێت،هەرچەندە گەلی كورد لەو سەردەمانەی لەڕوی چەك و تەقەمەنی ئاستێكی لاوازی هەبوە تەنها حكومەتی بەعس خاوەنی چەكی قورس بوە بۆیە لەو كاتەدا كورد ئامادەی ئەوە نەبوە سەر بۆدەسەڵاتی عێراقی شۆڕبكات،بۆیە لەئێستادا كە لایەنی كوردی ژمارەیەكی دیارە لەناوچەكەداو خاوەنی چەك و تەقەمەنی خۆیەتی پێشمەرگەی قارەمانی هەیە بۆیە هیچكات كورد ناچیتە ژێر فشارەكانی نوری مالكی بەڵام ئێمە باوەڕمان بەشەڕنیە تەنها چارەسەر بۆكێشەكان زمانی گفتوگۆیە ئێمە نامانەوێت شەڕ ڕوبدات لەبەر ئەوە سەدام حسێن و كاربەدەستانی عێراق بەدرێژای مێژوی ژیانی خۆیان دژی گەلی كورد،شەڕیان دەكرد،لەگەڵ دەوڵەتی ئێران كوەیت شەڕیان كردوە بێگومان لەئەنجامی ئەو شەڕەدا زەرەر نەبێت قازانجیان نەكردوە بۆیە ئومێد دەكەین دەسەڵاتدارانی عێراق و نوری مالكی بەخۆیاندا بچنەوە بۆچارەسەركردنی قەیرانەكان ڕێگەی گفتوگۆ بگرنەبەر بۆئەوەی عێراق توشی كێشەی دیكە نەبێت.
ئاژانسی گەشە:بەدیدی تۆ كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغداد چۆن چارەسەر دەكرێت،ئایا میكانیزمێك هەیە بۆئەوەی مالكی ئیدی مالكی قەیرانەكان چارەسەربكات تاوەكو لەمەودوا كوردو عەرەب پێكەوە لە عێراقدا هاوكۆك بن و بەشێوەیەكی تەندروست چارەسەری گرفتەكانی عێراق بكەن؟
د.مەحمودعوسمان:"ئێمە بەدەر لە داوای  مافی میلەتەكەمان داوای هیچ شتێكی دیكەمان  لە نوری مالكی نەكردوە تەنها دەمانەوێت ئێمەی میلەتی كورد،لەسەرخاكی خۆمان درێژە بە ژیانی دیموكراسی بدەین بەڵام ئەوە دەسەڵاتەكەی مالكی و دەسەڵاتەكانی لەوەو پێشی  نورە مالكی یە كە هاتون كوردستانیان داگیركردوەو ئێستاش دەیانەوێت دوبارە داگیری بكەنەوە ئێستاش كاربۆئەوە دەكەن ئازادیەكانمان لێزەوت بكەن.
ئاژانسی گەشە:تۆدەڵێیت بەدرێژای مێژوی ژیانی كاربەدەستانی عێراق هەمیشە سەدام حسێن و نوری مالكی دژی میلەتی كورد بون دەكرێت بزانین لە نێوان دیكتاتۆریەتی سەدام و مالكی تاچەند جیاوازی هەیە؟
د.مەحمود عوسمان:"سەدام حسێن بەرامبەر بەكورد دیكتاتۆرێكی زۆر ترسناك بوە بەڵام من هەمیشە دەڵێم تەنها دەموچاوەكان گۆڕاون بۆیە ئەگەر مالكی هێندەی سەدام حسێن دەسەڵاتی هەبێت ئەویش كارەساتی گەورە بەرامبەر بەكورد دروستدەكات،بەڵام لەنێوان مالكی و سەدام حسێن هەندێك جیاوازی هەیە بۆیە بەڕاستی تائێستا مالكی نەگەشتوەتە ئەو ئاستەی سەدام حسێن لە كوشتارگەو كوشتنی مرۆڤی سڤیل یان بەكارهێنانی چەكی كۆكوژو كیمیاوی بەڵام سیاسەتەكانی مالكی بەرەو توندو تیژی دەڕوات.
ئاژانسی گەشە:ئەگەر سیاسەتی مالكی بەرەو توندو تیژی دەڕوات پێتوانیە ئەمە زەنگێكی مەترسیدارە بۆ میلەتی كورد؟
د.مەحمود عوسمان:"نەخێر مالكی ناوتوانێت،كەسێكی مەترسیداربێت چونكە تازە عێراق ناگەڕێتەوە بۆ دەوڵەتەێكی مەركەزی بەهێز وەكو دەوڵەتی سەدام حسێن تاوەكو ئەویش بتوانێت بەهەمانشێوە كارەكانی ڕابردو دوبارەبكاتەوە ئێستا عێراقی نوێ پێكهاتوە لە شێعە و سونە و لایەنی كورد بۆیە ئێستا ناكرێت دیكاتۆرێك هەموپێكهاتەكان كۆبكاتەوەو شەڕی كوردی پێبكات،من پێموایە مالكی ناتوانێت ئەوبكات تەنها دەتوانێت بارودۆخەكە ئاڵۆزبكات.
ئاژانسی گەشە:فەرماندەی ئۆپەڕاسیۆنی دیجلە لە دیارترین فەرماندە سەربازیەكانی عێراقە دوای ئەوەی ئەو ئۆپەڕاسیۆنە بەدەیان جۆر چەكی قورس بڵاوەی پێكرا لەبەرامبەردا كورد ئۆپەڕاسیۆنی حەمرینی  پێكهێنا ئۆپەڕاسیۆنی حەمرین بۆچی بو ئایا كورد دەیتوانی بەهۆی ئۆپەڕاسیۆنی حەمرینەوە بەرامبەر ئۆپەڕاسیۆنی دیجلە بوەستێت و شەڕبكات؟
د.مەحمودعوسمان:ئێمە نامانەوێت شەڕبكەین ئەگەر مالكی ئۆپەڕاسیۆنەكەی بجوڵاندایە بێگومان ئێمەش كاردانەوەی خۆمان دەبو
ئاژانسی گەشە:بۆ وێنا ئەگەر شەڕ ڕویبدایە هەرێمی كوردستان چۆن بەرگری لەخۆی دەكرد ئایا هەرێم خاوەنی چەكی قورسە تاوەكو بتوانێت بەرگری لەخۆی بكات؟
د.مەحمودعوسمان:هیچ زانیاریەكم لەسەر ئەوەنییە هەریم چەكی قورسی هەیە یان نا
ئاژانسی گەشە:چاودێرانی سیاسی ئاماژە بەوەدەكەن كێشەی هەرێم و بەغداد كێشەیەكی شەخسی نێوان نوری مالكی و بارزانیە تۆچی دەڵێیت؟
د.مەحمودعوسمان:نەخێر كێشەی نێوان هەرێم و بەغداد كێشەی شەخسی نوری مالكی و بارزانی نیە باشە بابڵێین ئەوە كێشەی نێوان بارزانی و مالكی یە خۆ نوری مالكی لەگەڵ ئێمە كێشەی نیە خۆ لەگەڵ جەنابی مام جەلال كێشەی نەبوە بەڵكو ئەوە كێشەی نەتەوەیەكە لە بەینی ئێمەو نوری مالكی بێگومان هۆكارەكەشی دەگەڕێتوە بۆ جێبەجێ نەكردنی داواكاریەكانی ئێمە نەوەكو كێشەیەكی شەخسی لەگەڵ كاك مەسعود.



زیاتر ...