راپۆرت
سوریا : توند بونه‌وه‌ی‌ ململانێ له‌نێوان هێزه‌ ده‌ره‌كی یه‌كان‌
  06/05/2013
  1165
له‌گه‌ڵ خێراتر بوونی‌ ڕه‌هه‌ندی‌ پارچه‌ پارچه‌ بونی‌ سوریا و نزیك بونه‌وه‌ی‌ ڕژێمه‌كه‌ی‌ ئه‌سه‌د له‌ ڕوخان، ململانێ له‌نێوان هێزه‌ ده‌ره‌كی یه‌كانی‌ پشتیوان له‌ مللملانێكه‌ تادێت توند تر ئه‌بێته‌وه‌، ئه‌و شه‌ڕ و ململانێ یه‌ی‌ كه‌ لایه‌نه‌كانی‌ به‌شدار وه‌ك بریكاری‌ هێزه‌ ده‌ره‌كی یه‌كان به‌شداری‌ تێدا ده‌كه‌ن.

بۆنمونه‌ ڕێكخراوی‌ ئه‌لقاعید هه‌وڵ ئه‌دات مۆركی خۆی‌ بسه‌پێنێت به‌سه‌ر هه‌وڵدانه‌كانی‌ به‌ره‌ی‌ ئه‌لنه‌سه‌ڕه‌ له‌ سوریا و ئه‌م ڕێكخراوه‌ هان ئه‌دات تا بكه‌وێته‌ دوای‌ جێبه‌جێكردنی‌ بیرۆكه‌ی‌ دامه‌زراندنی‌ حكومه‌تێكی‌ ئیسلامی‌. له‌كاتێك دا كه‌ هاوپه‌یمانه‌ سكولاره‌ میان ڕه‌وه‌كانی‌ ئه‌م ڕێكخراوه‌ له‌ هه‌وڵی‌ ئه‌وه‌دان كه‌ دوابه‌دوای‌ سه‌رنگون كردنی‌ ڕژێمه‌كه‌ی‌ ئه‌سه‌د ، دیموكراسی یه‌ت سه‌قامگیر بكه‌ن له‌و وڵاته‌دا.
ئه‌م دۆخه‌ ئه‌وه‌مان نیشان ئه‌دات كه‌ له‌دۆخی‌ تێكئاڵاوی‌ سوریادا شه‌ڕێك له‌نێوان بریكاره‌كانی‌ جیهانی‌ خۆرئاوا به‌ ڕابه‌رایه‌تی‌ ئه‌مه‌ریكا و ڕێكخراوی‌ ئه‌لقاعیده‌ له‌ ئارادایه‌.

ئه‌یمه‌ن زه‌واهری ڕابه‌ری‌ ڕێكخراوی‌ ئه‌لقاعیده‌ كه‌ بوه‌ جێگری‌ ئوسامه‌ بن لادن، هه‌فته‌ی‌ ڕابوردو هانی‌ هێزه‌ جیهادی‌ یه‌كانی‌ سوریای‌ دا تا حكومه‌تێكی‌ ئیسلامی‌ دابمه‌زرێنن. به‌ وته‌ی‌ ئه‌و ئه‌وحكومه‌ته‌ له‌ مه‌ودای‌ زۆر به‌رفراون تردا ده‌بێته‌ به‌ردی‌ بناغه‌ی‌ خه‌لافه‌تێكی‌ ئیسلامی‌ له‌ناوچه‌كه‌دا. دو ڕۆژ دوای‌ ڕاگه‌یاندنه‌كه‌ی‌ ئه‌یمه‌ن زه‌واهری، قاعیده‌ی‌ عێراق ڕای‌ گه‌یاند كه‌ به‌ره‌ی‌ ئه‌لنه‌سه‌ڕه‌ درێژكراوه‌ی‌ ئه‌وه‌ و ئه‌م دو ڕێكخراوه‌ له‌ ئاینده‌دا یه‌ك ئه‌گرن و حكومه‌تی‌ ئیسلامی‌ شام و عێراق دروست ئه‌كه‌ن. ئه‌م لێدوانه‌ش زیانێكی‌ زۆری‌ به‌ پێگه‌ی‌ ئه‌م ڕێكخراوه‌ گه‌یاند كه‌ هه‌وڵ ئه‌دات له‌ناوی‌ نه‌یاره‌كانی‌ ڕژێمه‌كه‌ی‌ سوریا شوێنێك بۆ خۆی‌ بكاته‌وه‌ و دڵی‌ دانیشتوانی‌ ئه‌و ناوچانه‌ی‌ كه‌ كۆنتڕۆڵی‌ كردووه‌ به‌ده‌ست بهێنێت، ، هه‌ربۆیه‌ زۆر زوو پێشنیاری‌ یه‌كبونی‌ ڕه‌ت كرده‌وه‌، ئه‌ڵبه‌ته‌ پێشتر ئه‌م ڕێكخراوه‌ به‌ به‌یعه‌ت دان به‌ ئه‌یمه‌ن زه‌واهری‌ هه‌ڵوێستی‌ خۆی‌ یه‌كلایی كردبۆوه‌. به‌ڵام هۆی‌ سه‌ره‌كی‌ ئه‌م به‌یان نامانه‌ چی یه‌ كه‌ له‌ ناكاو له‌لایه‌ن هێزه‌ جیهادی‌ یه‌كانه‌وه‌ بڵاو ئه‌كرێته‌وه‌؟

پشتگیری ڕۆژئاوایه‌یه‌كان
له‌ چه‌ند مانگی‌ ڕابوردودا ئه‌مه‌ریكی یه‌كان به‌ بێ ئه‌وه‌ی‌ له‌ ڕوی‌ سه‌ربازی‌ یه‌وه‌ خۆیان پابه‌ن بكه‌ن به‌ به‌ڵێنێكه‌وه‌، گڵۆپی سه‌وزیان بۆ هاوپه‌یمانه‌كانیان له‌ ناوچه‌كه‌دا – واته‌ قه‌ته‌ر، توركیا و سعودیه‌ – داگیرسان كه‌ چه‌كی‌ زیادتر و باشتر بده‌ن به‌ شۆڕشگێڕه‌كان.
هه‌روه‌ها به‌پێی‌ زانیاری‌ یه‌كان ئه‌مه‌ریكی یه‌كان ڕۆڵیان هه‌یه‌ له‌ مه‌شق پێكردنی‌ لایه‌نه‌ میان ڕه‌وكانی‌ سوپای‌ ئازادی‌ سوریا له‌ ئه‌رده‌ن. ئه‌م هێزانه‌ دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ مه‌شق ئه‌بینن ڕه‌وانه‌ی‌ باشوری‌ سوریا ئه‌كرێن. له‌م ناوچه‌یه‌ به‌ به‌رارود به‌ ڕابوردو ، چه‌كی‌ دژه‌ ئاسمانی‌ و دژه‌ تانك به‌كار ئه‌هێنرێت و ئه‌درێت به‌ شۆڕشگێڕه‌كان و توانایان به‌راورد ئه‌كرێت به‌ توانای‌ ئه‌و شۆڕشگێڕانه‌ی‌ كه‌ له‌ باكوری‌ ئه‌و وڵاته‌ له‌ چالاكی دان.

ڕێژه‌ی‌ كۆمه‌كی‌ وڵاتانی‌ ڕۆئاوا په‌یوندی‌ یه‌كی‌ ڕاسته‌وخۆی‌ به‌ وه‌فاداری‌ سوپای‌ ئازادی‌ سوریا و به‌ره‌ی‌ میللی نه‌یاری‌ ڕژێمه‌كه‌ی‌ سوریاوه‌ هه‌یه‌، ئه‌م كاره‌شه‌ به‌ڕونی‌ به‌ره‌ی‌ ئه‌لنه‌سه‌ڕه‌ و گروپه‌ جیهادی‌ یه‌كانی‌ دیكه‌ی‌ خستۆته‌ ته‌نگ ناوه‌. وه‌ك باس لێه‌و ئه‌كرێت، زۆرێك له‌ په‌یڕه‌وانی‌ ئه‌م گروپه‌ هه‌ل په‌رساتانه‌ په‌یوه‌ندییان به‌م گروپه‌وه‌ كردووه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ له‌سه‌ره‌تادا به‌ره‌ی‌ ئه‌لنه‌سڕه‌ به‌ به‌راورد به‌ گروپه‌كانی‌ دیكه‌ توانا و هێزی‌ زیادتریان هه‌بووه‌.

به‌ڵام به‌ قڵپ بوونه‌وه‌ ئه‌م ڕه‌وه‌نده‌ و پێگه‌یشتنی‌ كۆمه‌كی‌ زیادتر به‌ هێزه‌ میان ڕه‌وكانی‌ ئۆپۆزسیۆنی‌ سوریا، ڕه‌نگه‌ ڕێكخراوی‌ ئه‌لقاعیده‌ به‌ پێویستی‌ بزانێت كه‌ یادی‌ گروپه‌ جیهادی‌ یه‌كان بهێنێته‌وه‌ كه‌ په‌یمان و ئامانجیان به‌ چ كه‌سێك داوه‌ و له‌ كوێ و ڕێگری‌ بكات له‌ جیا بونه‌وه‌یان. ئه‌لقاعیده‌ ئه‌زانێت كه‌ ڕۆژئاواو ماییل نی یه‌ كه‌ چه‌ك بداته‌ سوپای‌ ئازادی‌ سوریا و گروپه‌كانی‌ دیكه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ له‌وه‌ ئه‌ترسێت كه‌ئه‌و چه‌كانه‌ بگاته‌ ده‌ست توند ڕه‌وه‌كان.
به‌ به‌ئاگابون له‌م بابه‌ته‌، ڕه‌نگه‌ ئه‌لقاعیده‌ بڕیاری‌ دابێت خۆی‌ زیادتر له‌ گروپه‌ نه‌یاره‌كانی‌ ده‌ڵه‌ت نزیكتر بكاته‌وه‌ و سه‌رجه‌م نه‌یاره‌كانی‌ ڕژێمی‌ سوریا ئالوده‌بكات و ده‌ره‌نجام وا له‌ وڵاتانی‌ خۆرئاوا بكات تا چه‌ك به‌ ئۆپۆزسیۆن نه‌دات، به‌م شێوه‌یه‌ش له‌ به‌ره‌ی‌ شه‌ڕ دا خۆی‌ له‌ پێشه‌نگی‌ هێزه‌ نه‌یاره‌كانی‌ ڕژێمدا ئه‌مێنێته‌وه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ خاوه‌ن چه‌كی‌ باشتره‌ له‌ سوپای‌ ئازاد. به‌ نزیك بونه‌وه‌ی‌ ڕوخانی‌ ڕژێمه‌كه‌ی‌ ئه‌سه‌د ، ناكۆكی‌ یه‌كان له‌ نێوان توندڕه‌وه‌كان وسوپای‌ ئازاد له‌ زیاد بوندا ده‌بێت و ئه‌گه‌ر ئه‌م ناكۆكیانه‌ش چاره‌سه‌ر نه‌كرێت، دوای‌ ڕوخانی‌ ڕژێم توندتر ئه‌بێته‌وه‌ و ئه‌گه‌ری‌ هه‌یه‌ كه‌ تا ماوه‌یه‌كی‌ زۆریش به‌رده‌وام بێت.

كاریگه‌رییه‌ ناوچه‌ییه‌كان
ده‌ره‌نجامی‌ ئه‌م كێشمه‌كێشه‌ له‌ دیاری‌ كردنی‌ ئاینده‌ی‌ به‌شێكی‌ گرنگ له‌ ناوچه‌كه‌دا ڕۆڵێكی‌ چاره‌نوس ساز ئه‌بینێت. ئه‌گه‌ر گروپه‌ جیهادی‌ یه‌كان بتوانن له‌ سوریادا پێشه‌نگی‌ خۆیان بپارێزن، وا پێ ئه‌چێت كه‌ جۆرێك له‌ یه‌كگرتنی‌ نافه‌رمی‌ – ته‌نانه‌ت فه‌رمیش – له‌ نێوان ناوچه‌ سونه‌كانی‌ ڕۆژئاواوی‌ عێراق ئه‌و به‌شه‌ی‌ سوریا كه‌ له‌ ژێر كۆنتڕۆڵی‌ سونه‌كاندا یه‌ دروست ببێت. به‌م شێوه‌یه‌ ئه‌بینین ناوچه‌كه‌ ڕووه‌و دوباره‌ بونه‌وه‌ی‌ "باڵكانێكی‌ نوێ" هه‌نگاو ئه‌نێت به‌ پێی‌ دابه‌ش بونی‌ گروپ نه‌ته‌وه‌كان، ئه‌م دابه‌شبونه‌ش هه‌ر له‌ ئێسته‌وه‌ به‌رچاو ئه‌كه‌وێت.

ته‌نها ڕێگری‌ له‌به‌رده‌م ئه‌م ڕوداوه‌دا، مانه‌وه‌ی‌ ڕژێمه‌كه‌ی‌ به‌شار ئه‌سه‌ده‌، یاخود گۆڕێنی‌ ئه‌م ڕژێمه‌یه‌ به‌ حكومه‌تێكی‌ بنكه‌ فراون. هه‌ره‌له‌به‌ر ئه‌مه‌شه‌ كه‌ ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانه‌كانی‌ زۆر مه‌یلیان به‌لای‌ فشار خستنه‌ سه‌ر بریكاره‌كانیان نییه‌ له‌ سوریا بۆ ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌ی‌ ئێران و حزب بالله و ڕژێمه‌كه‌ی‌ به‌شار ئه‌سه‌د.

ئه‌مه‌ریكی یه‌كان كه‌وتونه‌ته‌سه‌ر دو ڕیانێكی‌ ترسناك، باراك ئۆباماش له‌ چه‌ند هه‌فته‌ی‌ داهاتودا هه‌وڵ ئه‌دات له‌ چاوپێكه‌وتنه‌كانی‌ له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانه‌كانی‌ ئه‌مه‌ریكا له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاست له‌م گێژاوه‌ ده‌رچێت. ئه‌مه‌ریكا ئه‌یه‌وێت تا ئه‌وجێگه‌یه‌ پشتگیری شۆڕشگێڕه‌كان بكات كه‌ حكومه‌تی‌ سه‌رسه‌ختی‌ سوریا ناچار بكات له‌سه‌ر مێزی‌ گفتوگۆ دانیشێت بۆ دانوستان كردن له‌سه‌ر گواستنه‌وه‌ی‌ ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی‌، به‌ڵام له‌هه‌مان كاتدا ئاماده‌ نی یه‌ كارێك بكات كه‌ ببێـه‌ مایه‌ی‌ له‌به‌ر یه‌ك هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی‌ كتوپڕی‌ حكومه‌ته‌كه‌ی‌ ئه‌سه‌د له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ له‌م حاڵه‌ته‌دا ڕه‌نگه‌ توند ڕه‌وه‌كان ده‌سه‌ڵات بگرنه‌ ده‌ست. ئه‌ڵبته‌ ڕاگرتنی‌ تای‌ ته‌رازوی‌ ئه‌م دۆخه‌ كارێكی‌ ئه‌سته‌م بێت. ڕنگه‌ی‌ ڕژێمه‌كه‌ی‌ ئه‌سه‌د ئه‌و كاته‌ ڕه‌زامه‌ند بێت به‌ كه‌ناره‌گیری‌ كه‌ئیدی كار له‌ كار ترازا بێت.


جموجوڵه‌كانی‌ ئیسڕائیل
له‌هه‌مان كاتدا دیپلۆمات كاره‌كان ئه‌ڵێن كه‌ ئه‌مه‌ریكی و هاوپه‌یمانه‌كانیان سوپای‌ ئازاد هان ئه‌ده‌ن كه‌ تاو ئه‌وجێگه‌یه‌ی‌ كه‌ بۆیان ئه‌كرێت ناوچه‌ سنوری‌ یه‌كان بگرنه‌ ده‌ست تا له‌م ڕێگه‌یه‌وه‌ كاردانه‌وه‌ ناوچه‌یه‌كانی‌ ئه‌م دۆخه‌ جڵه‌و بكه‌ن. یه‌كێك له‌ نیگه‌رانی‌ یه‌كانی‌ ئه‌مه‌ریكی یه‌كان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ حكومه‌تی‌ سوریا به‌ر له‌وه‌ی‌ كه‌ بڕوخێت هه‌وڵ بدات بۆ به‌ده‌ست هێنانی‌ پشتگیری ناوخۆ و ناوچه‌كه‌ په‌لاماری‌ ئیسڕائیل بدات. هه‌ر بۆیه‌ هه‌وڵ ده‌درێت كه‌ كۆنتڕڵی‌ ناوچه‌ سنوری‌ یه‌كان بكه‌وێته‌ ده‌ست شۆڕشگێڕه‌كان تا ڕۆڵی‌ به‌ربه‌ستێك ببینن له‌نێوان ڕژێمه‌كه‌ی‌ ئه‌سه‌د و به‌رزاییه‌ داگیركرداوه‌كانی‌ جۆلاندا. دیپلۆمات كاره‌كان ئه‌ڵێن ئیسڕائیل به‌ نهێنی هاوكاری‌ شۆڕشگێڕه‌كان ئه‌كات و برینداره‌كانی‌ سوپای‌ ئازاد ئه‌گوازێته‌وه‌ بۆ نه‌خۆشخانه‌یه‌كی‌ تایبه‌ت له‌ ناوچه‌ی‌ جۆلان، ئه‌و بریندارانه‌ش كه‌ حاڵیان خراپه‌ ئه‌گوازرێنه‌وه‌ بۆ ناو نه‌خۆشخانه‌كانی‌ ئیسڕائیل. له‌ ناو لوبنانیش دا ڕكابه‌ره‌كانی‌ حزب الله ترسیان له‌وه‌ هه‌یه‌ ئه‌م ڕێكخراوه‌ له‌ كاتی‌ توندتر بوونه‌وه‌ی‌ ده‌رگیری یه‌كان هه‌وڵ بدات به‌ جوڵاندنی‌ ئیسڕائیل یه‌ك شه‌ڕی‌ ناوچه‌یی گه‌وره‌ دروست بكات.

له‌گه‌ڵ زیاد بونی‌ فشاره‌كان له‌سه‌ر دیمه‌شق و پێشڕه‌وی‌ شۆڕشگێڕه‌كان له‌ پشتگیری ڕوو له‌ زیاد بونی‌ وڵاته‌ خۆرئاواییه‌كان، هاوپه‌یمانه‌كانی‌ ڕژێمه‌كه‌ی‌ سوریاش ، یه‌كێتی یه‌كه‌یان به‌هێز تر ئه‌كه‌ن. وه‌ك باس لێوه‌ ئه‌كرێت ڕوسیا و ئێران دوباره‌ جه‌ختیان له‌وه‌ كردۆته‌وه‌ كه‌ ته‌نها ئه‌و كاته‌ ڕێگه‌ به‌ دوور خستنوه‌ی‌ به‌شار ئه‌سه‌د ئه‌ده‌ن كه‌ گواستنه‌وه‌ی‌ هێز به‌دروستی‌ ئه‌نجام بدرێت و به‌شی گرنگی‌ دامه‌زراوه‌ ده‌وڵه‌تی‌ یه‌كان وه‌ك خۆیان بمێننه‌وه‌. دیپلۆمات كاره‌كان ئه‌ڵێن كه‌ ئێران تا ئێستا نزیك به‌ 12 ملیار و 600 ملیۆن دۆلار كۆمه‌كی‌ ڕژێمه‌كه‌ی‌ ئه‌سه‌د كردووه‌ تا ئه‌م حكومه‌ته‌ بتوانێت له‌سه‌ر پێی‌ خۆی‌ بوه‌ستێت و پاره‌ی‌ لایه‌نگره‌كانی‌ بدات.

هاتنه‌ ناوه‌وه‌ی‌ حزب الله
هه‌روك باس لێوه‌ ئه‌كرێت، ئێران جگه‌ له‌مانه‌ سه‌رگه‌رمی كۆمه‌كی‌ ماڵی‌ و ڕاهێنان و چه‌كدار كردنی‌ میلیشیایه‌كه‌ به‌ناوی‌ كۆمیته‌ی‌ خه‌ڵك. ئێران كه‌ به‌جیا له‌ هێزی‌ شه‌بیحه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌م هێزه‌دا كار ئه‌كات، چاوی‌ له‌وه‌یه‌ كه‌ئه‌گه‌ر بێت و ڕژێمه‌كه‌ی‌ ئه‌سه‌د بڕوخێت یاخود پاشه‌كشێ بكات بۆ ناوچه‌ی‌ عه‌له‌وی‌ نشینه‌كان له‌ كه‌ناره‌كانی‌ باكوری‌ ڕۆژهه‌ڵاتی‌ وڵات، بتوانێت پشتیان پێ ببه‌ستێت.
حزب الله ی‌ هاوپه‌یمانی‌ ئێرانیش ، ئێستا سه‌رگه‌رمی‌ هه‌ڵسه‌نگاندنی‌ دۆخه‌كه‌یه‌ و له‌هه‌مان كاتدا له‌ ده‌ورو به‌ری‌ مه‌زارگه‌ی‌ حه‌زره‌تی‌ زه‌ینه‌ب له‌ كه‌ناره‌كانی‌ باشوری‌ دیمه‌شق و گونده‌ شیعه‌ نشینه‌كانی‌ حمص له‌ خۆرئاوای‌ ئه‌و وڵاته‌ له‌گه‌ڵ شۆڕشگێڕه‌كان ئه‌جه‌نگێت.
دیپلۆماته‌كان له‌و باوه‌ڕه‌دان كه‌ به‌شێكی‌ گاردی‌ پرتورینی‌ ڕژێمه‌كه‌ی‌ ئه‌سه‌د (پرتۆرین گاردی‌ تایبه‌تی‌ ئیمپڕاتۆری‌ ڕۆمانه‌كان بووه‌) هێزه‌كانی‌ حزب الله پێكی‌ ئه‌هێنن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ عه‌له‌وی‌ یه‌كان به‌ئه‌ندازه‌یه‌ك زیانی‌ قورسیان به‌ركه‌وتووه‌ كه‌ ئه‌ندامه‌كانیان ئیدی زۆر جێگه‌ی‌ باوه‌ڕ نین بۆ ئه‌و كاره‌.

وه‌ك باس لێوه‌ ئه‌كرێت، باڵی‌ عێراق حزب الله و گروپكانی‌ دیكه‌ی‌ شیعه‌ له‌ عێراق كه‌ نزیكن له‌ ئێرانه‌وه‌ تا ئه‌ندازه‌یك له‌شه‌ڕه‌كاندا به‌شداریه‌ان كردووه‌. هێزه‌كانی‌ حزب الله ی‌ عێراق هه‌فته‌ی‌ پێشو ڕایان گه‌یاند كه‌ یه‌كێك له‌ ئه‌ندامه‌كانیان له‌ سوریا كوژراوه‌. له‌ ڕاستی‌ دا سونه‌ شیعه‌كانی‌ عێراق و لوبنان كێشه‌ و ده‌رگیری یه‌كانی‌ خۆیان بردۆته‌ ناو سوریا . مه‌ترسی یه‌كه‌ لێره‌دایه‌ كه‌ ڕه‌نگه‌ ململانێكانی‌ سوریا توندتر ببێتـه‌وه‌ و دوباره‌ ئه‌م كێشانه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ ناو ئه‌و وڵاتانه‌. به‌ پێی‌ ئاماره‌كان ، شه‌ڕكه‌ره‌ فه‌ڵه‌ستینی یه‌كان له‌هه‌ر دوبه‌ره‌ی‌ شه‌ره‌ِكه‌دا بونیان هه‌یه‌ ئه‌گه‌ر چی ناكۆكی ئه‌وان زیادتر سیاسی یه‌ و سه‌رچاوه‌كه‌ی‌ ئه‌گه‌رێته‌وه‌ بۆ ناكۆكی‌ نێوان كه‌س و گروپه‌كانی‌ خۆیان.

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كه‌ حه‌ماس ئه‌و زانیاری‌ یانه‌ ڕه‌ت ئه‌كاته‌وه‌، به‌ڵام زانیاری‌ یه‌كان باس له‌وه‌ ئه‌كه‌ن كه‌ هێزه‌كانی‌ سوپای‌ ئازاد له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی‌ دیمه‌شق له‌ لایه‌ن ئه‌ندامانی‌ حه‌ماسه‌وه‌ مه‌شقیان پێ ئه‌كرێت. حه‌ماس ساڵانێكی‌ زۆر له‌ ناو دیمه‌شق دابووه‌ و نزیك بووه‌ له‌ ڕژێمه‌كه‌ی‌ به‌شار ئه‌سه‌د ، به‌ڵام له‌گه‌ڵ توندتر بونه‌وه‌ی‌ ململانێكان و قه‌یارانی‌ نێوان هه‌ردو جه‌مسه‌ری‌ سونه‌ و شیعه‌كان، حه‌ماس زیادتر له‌ قه‌ته‌ر نزیك بوه‌وه‌.

به‌پێی‌ زانیاری‌ یكان یه‌كێك له‌ هاوپه‌یمانه‌ فه‌ڵه‌ستینی یه‌كان كه‌ جێگه‌ی‌ باوه‌ڕی‌ ڕژێمه‌كه‌ی‌ سوریایه‌ واته‌ به‌ره‌ی‌ خه‌ڵك بۆ ڕزگاری‌ فه‌ڵه‌ستین به‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ ئه‌حمه‌د جبریل هاتۆته‌ ناو كێشمه‌كێشه‌كان و هاوكاری‌ ڕژێمه‌كه‌ی‌ ئه‌سه‌د ئه‌كات.
هێزه‌ ڕۆژئاواییه‌كان هه‌وڵ ئه‌ده‌ن له‌گه‌ڵ نه‌یاره‌كانی‌ ڕژێمه‌كه‌ی‌ ئه‌سه‌د كاركه‌ن، به‌ڵام له‌ناو خودی‌ گروپه‌ نه‌یاره‌كانیشدا ناكۆكی زۆر هه‌یه‌ و ئه‌وان به‌هیچ شێوه‌یك به‌سه‌ر دۆخه‌كه‌دا زاڵ نین. له‌به‌ر ئه‌وه‌ جێگه‌ی‌ سه‌ر سوڕمان نی یه‌ كه‌ وڵاتانی‌ خۆرئاوا له‌سه‌ر چۆنیه‌تی‌ گه‌یشتن به‌ده‌ره‌نجامێكی‌ جێگه‌ی‌ په‌سه‌ندی‌ هه‌موان له‌گه‌ڵ یه‌كدا ناكۆكیان هه‌بێت.

نوسینی : جیم مه‌یور
له‌ فارسی یه‌وه‌ : به‌ختیار ئه‌حمه‌د ساڵح

سه‌رچاوه‌ : BBC PERSIA
خه‌ندان

زیاتر ...
1
په‌ڕه‌یله‌ 1
ژماره‌ی بابه‌ت