ناوی به‌ش
سه‌رانی كوده‌تا و سینارێۆی شه‌ڕی ناوخۆ !! ‌
‌  شوان هەورامی
 عه‌بدولفه‌تاح سیسیی ژه‌نڕالی كوده‌تاچی میسر ، دوای كاڵبوونه‌وه‌ی پڕوپاگه‌نده‌كانی بۆ گێڕانه‌وه‌ی كۆده‌نگیی نیشتمانیی و یه‌كڕیزیی بۆ وڵاته‌كه‌ی ، كه‌ له‌ یه‌كه‌م رۆژی كوده‌تاكه‌یدا رایگه‌یاند و سه‌رۆك مورسی به‌وه‌ تۆمه‌تبار كرد ئاماده‌ی دیالۆگی نیشتمانیی نه‌بووه‌ ، ئه‌م كوده‌تای له‌ زۆرینه‌ كرد و ده‌ستووری وڵاتی په‌كخست و ده‌سه‌ڵاتی زه‌وت كرد و دایه‌ كه‌مینه‌ی لیبراڵی و كلكه‌كانی رژێمی موباره‌ك و خۆیشی له‌ پشتی شانۆكه‌وه‌ وه‌كو كاراكته‌ری سه‌ره‌كیی راوه‌ستا . به‌ڵام به‌ به‌رده‌وامیی خۆپیشاندانی ملیۆنیی خه‌ڵكی میسر و به‌رده‌وامیی و خۆڕاگرییان له‌به‌رده‌م ره‌شه‌كوژیی به‌رده‌م گاردی كۆماری و باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مه‌ریكا و كوشتاری ئافره‌تان له‌لایه‌ن به‌ڵته‌جیه‌كان له‌ مه‌نسووره‌ و ده‌یان كوژراو و بریندار له‌ شاره‌كانی ئه‌و وڵاته‌ ، سه‌ره‌ڕای داخستنی هه‌موو كه‌ناڵه‌كانی میدیای سه‌ر به‌ ته‌وژمی ئیسلامیی و دیموكراسی له‌ وڵاتدا ، رۆژ له‌ دوای رۆژ زیاتر كوده‌تای سیسیی ریسوا ده‌كات و ناچاره‌ به‌ سیناریۆیه‌كی تر وڵات نوقمی شه‌ڕێكی خوێناوی بكات ، چونكه‌ دڵنیایه‌ له‌ لێدوانه‌كه‌ی ( شێمۆن پێرێز ) ی سیاسه‌تمه‌داری ناوداری زایۆنی كه‌ رایگه‌یاند : ئه‌گه‌ر سوپا له‌م هه‌وڵه‌یدا شكست بخوات جارێكی تر ناتوانێت له‌ میسردا رۆڵی خۆی ببینێت و رێكه‌وتنامه‌ی ( كامب دێڤید ) یش ده‌كه‌وێته‌ مه‌ترسیه‌وه‌ . ناوبراو داوای كرد له‌ ئیسرائیلیه‌كان به‌ هه‌ستیارییه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و بابه‌ته‌دا بكه‌ن !! گرنگه‌ سه‌باره‌ت به‌ عه‌قڵیه‌تی ژه‌نڕاڵه‌كان و لایه‌نگرانی كوده‌تا ئه‌م چه‌ند خاڵه‌ وه‌كو بیر كردنه‌وه‌ی ئه‌وان ئاماژه‌ پێ بده‌ین : 1. ژه‌نڕاڵه‌كانی سوپای میسر هه‌ر له‌ ساڵی ( 1952 ) وه‌ ته‌وژمی ئیسلامیی ئه‌و وڵاته‌یان وه‌كو دووژمنی خۆیان سه‌یر كردووه‌ و له‌ سه‌رده‌می حكومه‌تی عه‌بدونناسردا له‌ ساڵه‌كانی 1954 و 1965 دا به‌ ده‌یان هه‌زار ئه‌ندامی ئیخوان موسلمین یان خسته‌ زیندان و به‌ ترسناكترین شێوه‌ ئه‌شكه‌نجه‌یان دان و به‌ هه‌زاران كه‌سیان كوژران و كه‌مئه‌ندام بوون . ئه‌م بیركردنه‌وه‌ی ژه‌نڕاڵه‌كان دژی ئیسلامیه‌كان له‌ هیچ سه‌رده‌مێكدا گۆڕانكاریی به‌سه‌ردا نه‌هاتووه‌ ، ئه‌و كاته‌ی ناسر رووگه‌ی له‌ مۆسكۆ بوو هه‌روابوو ، له‌وێوه‌ فه‌رمانی له‌سێداره‌دانی سه‌ید قوتبی واژۆ ده‌كرد ، كاتێ سادات رووی خۆی به‌ره‌و واشنتۆن گۆڕی ئه‌م دژایه‌تیه‌ی ئیسلامیه‌كان هه‌ر وه‌كو خۆی مایه‌وه‌ و رێگه‌ی كار و چالاكیی سیاسییان پێ نه‌درا ، دوای ئه‌ویش ژه‌نڕاڵ موباره‌ك به‌ هه‌مان شێوه‌ بوو ، ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدا بوو كه‌ ئیخوان گه‌وره‌ترین ته‌وژمی سیاسیی ئه‌و وڵاته‌یه‌ و تا شۆڕشی 25 ی یه‌نایه‌ری 2011 هه‌ر به‌ قه‌ده‌غه‌كراویی كاری كرد ، به‌ڵام كاتێ هه‌موو هه‌ڵبژاردنه‌كانی برده‌وه‌ ، به‌ ناچاری ژه‌نڕاڵه‌كان به‌ سیناریۆیه‌كی به‌رنامه‌ بۆ داڕێژراوی ئابووریی كه‌ سعودیه‌و ئیمارات و ئیسرائیل و خۆرئاوا به‌ گشتیی له‌ پشتیه‌وه‌ بوون ، نه‌خشه‌ی كوده‌تایان داڕشت ، له‌به‌ر ئه‌وه‌ ئه‌مه‌ شتێكی نوێ نیه‌ له‌ مێژووی میسردا ، چونكه‌ سه‌ركه‌وتنی دیموكراسیی ده‌ستووریی و به‌ دامه‌زراوه‌یی كردنی وڵات بۆ یه‌كجاریی رۆڵی ژه‌نڕاڵه‌كان كۆتایی پێ ده‌هێنێت و ئه‌وانیش ده‌یانه‌وێت پێش له‌وه‌ نه‌هێڵن ئه‌و گۆڕانكارییه‌ روو بدات !! 2. كوده‌تایان بۆ ئه‌وه‌ كرد كه‌ گوایه‌ وه‌ڵامی داخوازیی خه‌ڵكیان داوه‌ته‌وه‌ ، به‌ڵام ئه‌وه‌ مانگێكه‌ خه‌ڵك رۆژ له‌ دوای رۆژ زیاتر دێنه‌ گۆڕه‌پانه‌كان و رووی دزێوی كوده‌تاچیان نیشان ده‌ده‌ن ، ئه‌وان ده‌یانه‌ویست خۆپیشاندانه‌كان به‌ ئاقاری تووندوتیژیدا ببه‌ن ، به‌ڵام نه‌یانتوانی ، له‌به‌ر ئه‌وه‌ ئارامیان لێ بڕاوه‌ و له‌وه‌ ده‌ترسن كه‌ رای گشتیی جیهانی ماوه‌یه‌كی تر بگۆڕدرێت و بۆ یه‌كجاریی كوده‌تاكه‌یان شكست بخوات . له‌به‌ر ئه‌وه‌ بانگهێشته‌كه‌ی سیسی بۆ خۆپیشاندان له‌ دژی نه‌یارانی كوده‌تا و پێدانی ده‌سه‌ڵات بۆ سه‌ركوتكردنی لایه‌نگرانی ته‌وژمی ئیسلامیی و شه‌رعیه‌ت به‌ بیانووی سه‌ركوتكردنی ئاژاوه‌ و تیرۆر ، به‌ ئاشكرا ده‌ری ده‌خات ژه‌نڕاڵه‌كانی سوپا سوورن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی وڵات بكه‌نه‌ گۆمی خوێن ، له‌وانه‌یه‌ وڵاتانی ناوچه‌كه‌ و خۆرئاواش چرای سه‌وزیان بۆ هه‌ڵكردبێت ، ئه‌وه‌ش جێی سه‌رنجه‌ ئێرانیش پشتیوانی له‌ كوده‌تاكه‌ ده‌كات و ئه‌وه‌ش به‌ قازانجی مانه‌وه‌ی به‌شار ئه‌سه‌دی هاوپه‌یمانی له‌ قه‌ڵه‌م ده‌دات . 3. ئه‌م سیناریۆیه‌ پێده‌چێت به‌و شێوه‌یه‌ بێت ، كه‌ سه‌رانی كوده‌تا ( هه‌روه‌كو حه‌بیب عادلی وه‌زیری ناوخۆی رژێمی موباره‌ك كه‌ كه‌نیسه‌ی قیبتیه‌كانی ئه‌سكه‌نده‌رییه‌ی ته‌قانده‌وه‌ و خستیه‌ سه‌ر بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماسی فه‌له‌ستینی بۆ ئه‌وه‌ی زیاتر گه‌مارۆی غه‌زه‌ بدات ) ئه‌مانیش كۆمه‌ڵه‌ سیناریۆیه‌كی له‌و شێوه‌یه‌ به‌ڕێوه‌ ببه‌ن بۆ تۆمه‌تباركردنی ته‌وژمی ئیسلامیی به‌ تیرۆر و تێكدانی ئاشتی كۆمه‌ڵایه‌تی ، دوای ئه‌وه‌ ده‌ست بكه‌ن به‌ گرتن و كوشتنی ئه‌ندامانی ئه‌و ته‌وژمه‌ و له‌ میدیای زه‌ردیشدا ره‌واجی پێ بده‌ن ، چونكه‌ میسر هه‌ر له‌ سه‌رده‌می ناسره‌وه‌ تا موباره‌ك به‌و جۆره‌ راگه‌یاندنه‌ به‌ناوبانگ بووه‌ . 4. ئه‌وه‌ش سه‌ره‌تایه‌ك ده‌بێت بۆ دووباره‌ سیناریۆی قه‌ده‌غه‌كردنی چالاكیی ئیخوان موسلمین و ته‌وژمی ئیسلامیی ، ئه‌وه‌ش بۆ رێگرتن له‌وه‌ی كه‌ جارێكی تر هه‌ڵبژاردنه‌كان به‌ قازانجی ئیسلامیه‌كان ته‌واو نه‌بێت ، به‌ تایبه‌تی شێوازی به‌ڕێوه‌بردنی هه‌ڵبژاردنه‌كانی سه‌رده‌می موباره‌ك به‌ چه‌واشه‌كارییه‌كی تازه‌وه‌ جێبه‌جێ ده‌كه‌نه‌وه‌ . به‌ڵام ژه‌نڕاڵه‌كانی سوپای میسر و لایه‌نگرانی كوده‌تا له‌وه‌دا حساباتیان هه‌ڵه‌یه‌ ، وا ده‌زانن ئێستاش سیناریۆكانی په‌نجاكان و شه‌سته‌كانی سه‌ده‌ی رابردوویان بۆ به‌ڕیوه‌ ده‌چێت و ده‌توانن خه‌ڵك چاوترسێن بكه‌ن ، خۆیان گێل كردووه‌ له‌وه‌ی كه‌ چه‌ندین رژێمی دیكتاتۆر له‌ لایه‌ن خه‌ڵكه‌وه‌ سه‌رنگون كران ، نازانن ئه‌و رژێمانه‌ش كه‌ ماون و سه‌رانی دیكتاتۆریان ملیاره‌ها دۆلار بۆ له‌باربردنی شۆڕشی 25 ی یه‌نایه‌ریان بۆ كوده‌تاچیان ته‌رخان كردووه‌ ، له‌ به‌رده‌م بوومه‌له‌رزه‌ و بوركانی جاماوه‌ری موسوڵمان و تووڕه‌ و بێزاریاندان و ئه‌وه‌ی كه‌ ده‌یكه‌ن بۆ پاراستن و دوور خستنه‌وه‌ی ئاگره‌ له‌ خۆیان ، له‌به‌ر ئه‌وه‌ كوده‌تاچیان زۆر به‌ هه‌ڵه‌داچوون و تازه‌ به‌ زۆری ئاگر و ئاسن شۆڕشی ئاشتیانه‌ی خه‌ڵك سه‌ركوت ناكرێت ، ده‌بێ ئه‌وه‌ش بزانین شۆڕشی هه‌موو وڵاتانی ناوچه‌كه‌ ئاشتیخوازانه‌ بوو ، به‌وه‌ی سوریاشه‌وه‌ ، به‌ڵام كاتێ دیكتاتۆره‌كان و هاوپه‌یمانه‌كانیان ویستیان به‌ ئاگر و ئاسن خه‌ڵك سه‌ركوت بكه‌ن به‌ ناچاریی شۆڕشی چه‌كداریی لێ كه‌وته‌وه‌ ، له‌به‌ر ئه‌وه‌ پێچه‌وانه‌ بوونه‌وه‌ی ئاگر و ئاسن له‌سه‌ر سوپای میسر و سه‌رانی كوده‌تاش دوور نیه‌ ، ئه‌گه‌ر جه‌ماوه‌ر رووبه‌ڕووی كوشتار ببنه‌وه‌ ، هه‌روه‌كو له‌ لیبیا و سوریادا روویدا !!
  25/07/2013
  1248

زیاتر ...
1
په‌ڕه‌یله‌ 1
ژماره‌ی بابه‌ت