ناوی به‌ش
به‌م شێوه‌یه‌ بڕوات له‌ وڵاتی خۆماندا ده‌بین به‌ بێگانه‌ ‌

دانا ته‌یب مه‌نمی
ئه‌گه‌ر ئه‌م سیاسه‌ته‌ چه‌وت و هه‌ڵانه‌ی حكومه‌ته‌كه‌ی یه‌كێتی و پارتی به‌رده‌وامبێت،  پاش چه‌ند ساڵێكی دی هاوڵاتیانی ئه‌م خاكه‌ و خاوه‌ن بڕوانامه‌ و پیشه‌وه‌رانی هه‌رێمی كوردستان ده‌بنه‌ بێگانه‌ و هاوڵاتی پله‌چوار و پێنج، چونكه‌ كوردستان پڕبووه‌ له‌ عه‌ره‌ب و تورك و فارس و پاكستانی و به‌نگلادیشی و ئه‌سیوپی و ئه‌مریكی و جوله‌كه‌ و چینی هتد، و ئه‌وانه‌ به‌هۆی سیاسه‌تی سه‌قه‌تی ئه‌و دوو حزبه‌وه‌ به‌ناوی وه‌به‌رهێنان و گه‌شتوگوزار و رێكخراوی كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی و هتد هه‌موو كارئاسانیه‌كیان بۆ ده‌كرێت و به‌مجۆره‌ ده‌ستیان گرتووه‌ به‌سه‌ر هه‌موو پرۆژه‌ و خێروبێر و هه‌لی كاری ئه‌م وڵاته‌دا.
 له‌به‌رامبه‌ر ئه‌مه‌دا به‌رپرسانی ئه‌و دوو حزبه‌  سوودمه‌ندبوون، و ده‌بن و زۆرجار ئه‌م ڕه‌وشه‌ بۆ مه‌رامی سیاسی و یه‌كلایكردنه‌وه‌ی شه‌ڕی سه‌ر سندوقه‌كانی ده‌نگدان و چه‌ندین مه‌رامی تر به‌كارده‌هێنن، به‌بێ ئه‌وه‌ی بیر له‌ ده‌ره‌ئه‌نجامه‌ مه‌ترسیداره‌كانی له‌سه‌ر ئاسایشی ئابووری و نه‌ته‌وه‌یی و كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌رێمه‌كه‌مان بكه‌نه‌وه‌ و یان زیانه‌كانی ئه‌م سیاسه‌ته‌ چه‌وت و هه‌ڵانه‌یان بۆ سه‌ر داهاتووی نه‌وه‌كانی ئێستاو داهاتوو، پرۆسه‌ی گه‌شه‌ و پێشكه‌وتنی ئه‌م وڵاته‌ بكه‌نه‌وه‌. ساڵانه‌ ئه‌م هه‌موو فێرخوازه‌ له‌ زانكۆكان ته‌خه‌روج ده‌كه‌ن و له‌دژی بێكاری و دانه‌مه‌زراندن خۆپیشاندان ده‌كه‌ن، كه‌چی ئه‌م دوو پارته‌  كوردستانیان كردۆته‌ هه‌رزانبازاری ساغكردنه‌وه‌ی سه‌رچاوه‌ی مرۆیی و كاڵای وڵاتانی دیكه‌ و به‌مه‌ش ئیتر ئێمه‌ ئه‌وه‌نده‌ی دی له‌ گه‌لێكی به‌رهه‌مهێنه‌وه‌ ده‌بین به‌ گه‌لێكی به‌كاربه‌ر و بێكار و به‌رهه‌م و ده‌ستی كاری ناوخۆیی ناتوانێت ركابه‌ری كرێكار و كاڵای بیانی بكات، و  ڕێژه‌ی هه‌ڵئاوسان و قه‌یرانی بێكاری و نیشته‌جێ بوون و به‌رزترده‌بێته‌وه‌ و ئاستی نادادی كۆمه‌ڵایه‌تی و تاوان و جیاوازی چینایه‌تی و فه‌رهه‌نگی و گرانی بازاڕ و كه‌موكوڕی له‌ خزمه‌تگوزارییه‌ سه‌ره‌كیه‌كانی وه‌كو ئاو كاره‌با و خوێندن زیاترده‌بێت.
 پێویسته‌ یاسای وه‌رگرتنی په‌نابه‌ر و پێدانی ڕه‌گه‌زنامه‌ زۆر قورس بكرێت به‌جۆرێك ئه‌گه‌ر كه‌سێك زۆر شاره‌زا نه‌بێت نه‌هێڵرێت له‌ كوردستاندا كاربكات، یان نیشته‌جێ ببێت.
 پێوسته‌ خه‌ڵك له‌م مه‌ترسیه‌ بۆ سه‌ر ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی و ئابووری و دیمۆگرافیای كوردستان ئاگاداربێت و به‌ شێوازی فشاری مه‌ده‌نی سنورێك بۆ ئه‌م هه‌ڕه‌شانه‌ دابنێن.
پێویسته‌ ڕێكخراوه‌كانی كرێكاران و كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی و سه‌ندیكاكان و ڕۆشنبیران و ڕۆژنامه‌نووسان و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان سیمینار و ۆركشۆپ و تۆڵكشۆی زیاتر له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ سازبكه‌ن و  هه‌موو شێوازه‌كانی خه‌باتی مه‌ده‌نی  بگرنه‌به‌ر بۆ ئه‌وه‌ی رێگری بكرێت له‌وه‌ی به‌هۆی بیركردنه‌وه‌ی نادروست و به‌رژه‌وه‌ندی و پاوانخوازی ده‌سته‌بژێرێكی ناو كایه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ ئاینده‌ی ئه‌م وڵاته‌ تاریكتر بكرێت و ڕۆژ به‌ڕۆژ زیاتر هیواكانمان له‌گۆڕبنرێت و دواجار له‌سه‌ر ئه‌م خاكه‌ به‌پیت و ده‌وڵه‌مه‌نده‌ی باو باپیرانمان كه‌ ملیۆنان شه‌هید و قوربانیمان بۆ داوه‌ ببین به‌ بێگانه‌.
 نابێت بهێڵرێت داگیركه‌ران و ئیمپریالیزم و زایۆنیزم هه‌نگاو به‌ هه‌نگاو و به‌شێوه‌ی ڕاسته‌وخۆ و ژێربه‌ژیر  به‌ پیلان و چه‌شه‌كردنی چه‌ند كه‌سێكی ناو چه‌ند بنه‌ماڵه‌یه‌كی ده‌سه‌ڵاتدار سامانی ژێرزه‌وی و سه‌رزه‌وی و ئاو هه‌وا و ئاسمانی ئه‌م وڵاته‌ به‌ تاڵان بكڕن و دواتر زۆر به‌ گران پێمانی بفرۆشنه‌وه‌ یان به‌ ده‌ردی گه‌لی فه‌له‌ستین بڵێن فه‌رموون بڕۆنه‌ ده‌ره‌وه‌ ئێمه‌ ئه‌م هه‌رێمه‌مان كڕیوه‌ و ئه‌مه‌ وڵاتی ئێمه‌یه‌. خۆ ئه‌وساش په‌شیمانی دادی كه‌سمان نادات و ئه‌و كه‌سانه‌شی نیشتمان هه‌رزان فرۆش ده‌كه‌ن هه‌ر زوو ترسنۆكانه‌ به‌ره‌و هه‌نده‌ران به‌ بلیۆنان دۆلار و دیناری پاره‌ی هه‌رزان فرۆشكردنی ئه‌م كوردستانه‌وه‌ هه‌ڵدێن و كه‌سیش ناتوانێت تۆڵه‌یان لێبكاته‌وه‌، كه‌واته‌ وا باشتره‌ میلله‌ت هۆشیارتربێته‌وه‌ و ڕابێت و له‌سه‌ر سندوقی ده‌نگدان شه‌ڕی مان و نه‌مانی خۆیان و نه‌وه‌كانی داهاتوو و ئاینده‌ی وڵاته‌كه‌مان بكه‌ن و هه‌موو ڕۆڵه‌یه‌كی ئه‌م میلله‌ته‌ ئه‌م نیشتمانه‌ به‌ وڵاتی خۆی بزانێت و جه‌ماوه‌ر ده‌نگی خۆیان بكه‌ن به‌ فیشه‌ك و پیلانی داگیركه‌ران و سێبه‌ره‌كانیان پوچه‌ڵبكه‌نه‌وه‌.
  06/07/2013
  1701

زیاتر ...
1
په‌ڕه‌یله‌ 1
ژماره‌ی بابه‌ت