ناوی به‌ش
دیدێك بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم ‌
‌ هەڵبژاردنی سەرۆ كی هەرێم  بەشێكی تری پرشنگداری  تابلۆی دیموكراتیە لە كوردستاندا ، ئەگەر هاوڵاتیانی كوردستان  توانیان ئەم بەشە بە جوانی بنەخشێنن مانای وایە تابلۆی دیموكراتی لە كوردستان بەرەو جوانتر دەڕوات و ڕووی ئەوەی هەیە جێگایەك بۆ خۆی دیاری بكات لە پێشانگای هەڵواسینی تابلۆ دیموكراتیەكاندا ، ئەگەر وانەبوو ئەوە ئەبێ بگەڕێ لە پێشانگایەكی تردا جێگە بۆ خۆی بگرێت  كە دیموكراتیەت تیایدا قاچاغ بێت .
زۆر جار قسە لە سەر دیموكراتی و نەخشاندنی تابلۆكەی ئەگەر هۆش و بیری تاكی كۆمەڵگا و ئیرادەی وازهێنان لە دەسەڵاتی دەسەلاتداران لە پشتی نەبێت ئەوە هەر بریتی ئەبێت لە قسەی جوانی نێو لاپەڕەكانی كتێب و گۆڤارەكان .
ئەمڕۆ لە كوردستاندا ئەم بابەتە بوەتە گرێ كوێرەی دەرونی نێو لایەنە سیاسیەكان ، هەندێك پێی وایە لە ڕوی نەوعی و ژمارەشەوە كوردستان خاوەنی چەندەها كەسە كە لە تونایدایە ئەو بەشەی تابلۆكە پڕ بكاتەوە و بە جوانیش بی نەخشێنێ ، هەندێكیش پێی وایە خوا نەبوە و بە یەك ئەو پۆستە تەنها  لە لایەن یەك گروپ و یەك كەسەوە نەبێ ناچی َ بەڕێوە و ئەگەر درایە دەست هەركەسی تر ئەوە ئاو ئەمان بات و چەقەڵ لە بیابانی بێ ڕەحمی بەرژەوەندیەكاندا  بەرَۆژی ڕوناك ئەمان خوات .
 من لە گەڵ ئەوەدام واقعیانە بیر بكەینەوە ، كۆمەڵگای كوردەواری لە قۆناغی پەڕینەوەدایە واتە ئەبێ هەستیارانە هەنگاوەكانی بنێ تا پردەكە نەڕوخێ و خۆشی بكەوێتە ناو ئاوەكە وە ، هەنگاوەكان ئەبێ زۆر هێمن و لە سەر خۆ بنرێن ، دەستور و یاساكانیش ئەبێ لە خزمەتی قۆناغەكەدا بن نەك پێچەوانەكەی .
وەك ووتمان كۆمەڵگای كوردەواری لە بەردەم نەخشاندنی تابلۆی دیموكراتیدایە ، هەموو لایەكی پێویستە هەم هۆش و بیری تاكی پێویستە ، هەم ئیرادەی دەسەڵاتدارانی پێویستە ئەگینا وەك پیك دان وایە لە گۆمە ئاو .
بەڕای من لەم قۆناغەی پەڕینەوەدا بە تایبەتی لە بەشی تابلۆی دیموكراتی تایبەت بە سەرۆكایەتی هەرێم دوو بنەما زۆر خزمەتمان ئەكەن :
1- ئەو كەسەی كە خۆی هەڵئەبژێرێ هەر لە سەرەتاوە بڕیاری سەر بەخۆیی خۆی بدات یان ئەگەر سەر بە پارتێكی دیاری كراوە وازهێنانی لە پارتەكەی ڕابگەیەنێ و وازنامەكەی پێشكەش بە حیزبەكەی بكات و سەنگەری خەبات لە حیزبێكی دیاری كراوە وە بگوازێتەوە بۆ سەنگەری خەباتی گەل و كارنامەی چوار ساڵی داهاتوی ڕابگەیەنێ، چونكە ئەم مەسەلەیە كاردانەوەیەكی ئەرێنی بە سەر بیر و هۆش و لایەنی دەرونی هاوڵاتیانەوە جێ دەهێلێی ، بۆ ئەوەی هەموو تاكێكی كۆمەڵگای كوردەواری سبەینێ بە شانازیەوە  زمانی ڕابێت بە ووتنی (سەرۆكی هەرێم ) و پێی عەیب نەبێ لەدام و دەزگا فەرمی و نافەرمیەكاندا ناوی بهێنێ و استدلال بە قسەكانی بكات و ئەگەر حەزیشی لەوە بوو وێنەكەی هەڵواسێ (هەرچەند من لە گەڵ هەڵواسینی وێنەی پیاوە بەرزەكاندا نیم ) بەڵام ئەگەر گەورەیی خۆی نواند قسەكانی وەك مەتن بەكار ئەهێنم .
2- تەواوی سەرۆكایەتی هەرێم بەدوور بگیرێت لە دەست تێوەردانی حزبی و هەیمەنەی سیاسەتی حیزبێكی دیاری كرا و ، ئەگەر جێگریش بۆ سەرۆك دیاری كرا  هەمان رێسای سەرۆك بە سەر جێگرەكەیدا پیادە ببێت تا لەو جێگایەدا ئەمێنێتەوە .
ئەم دوو بنەمایە چەندە مەحكەم و توند تۆڵ بن ئەوەندە تابلۆكەمان بە هێز و جوان و قەشەنگ دەبێت
ئەم كارە ئەگەر كەسانێك بە سەخت و دووری بزانن من بە سەختی نازانم ، چونكە ئێمە كۆمەڵگایەكی بەد بەختی ناو مێژووین و ستەم لێ كردن    هاوڕێی شەوو ڕۆژمان بوە ، لە لایەكی تر ئێمە لە زۆر شتدا لە جوغرافیا لە دین لە مێژوو خاڵە هاوبەشەكانمان زیاترە لە ناكۆكەكانمان  كە ئەمەش وا ئەكات خاڵی بەهێزمان هەبێت بۆ سازان و كۆدەنگی ئەوەی گرنگە  بڕیارێكی ئازایانەی مێژوویی پێویستە ، لەم جوغرافیا بچوكەدا ئەگەر توانیمان نمونەیەكی جوان پێشكەش بكەین پارچەكانی تری كوردستان كاتێ ئەگەنە ئەو دۆخە سیاسیەی ئێمە ئێستا تیایدا ئەژین ئەوان لەوخاڵەی ئێمە پێی گەشتوین دەست پێ ئەكەن نەك لە خاڵی دەست پێك و سفرەوە  كە ئەمەش ئەركێكی نیشتمانی و نەتەوەیی ئێمەیە بەرامبەر پارچەكانی تری كوردستان و هەنگاو نانە بۆ ئەو ئامانجە گەورەی كە لە خولیای هەموو تاكێكی كوردا هەیە .
بۆیە لە سەر ئەو دوو بنەمایەی ئاماژەم پێ كرد بە لای منەوە  بۆ ئەم هەڵبژاردنە ی سەرۆكایەتی هەرێم پێویستە دەرگا واڵا بێت بۆ هەركەسێ بتوانێ ئەو تابلۆیە بنەخشێنێ و لە بازنەی تەسكی پارتێك بێتە دەرەوە و بچێتە باوەشی گەلەوە .
  15/06/2013
  1706

زیاتر ...
1
په‌ڕه‌یله‌ 1
ژماره‌ی بابه‌ت