ناوی به‌ش
ئابووری وزە ‌
‌ دیاریكردنی ئاراستەی ئابووریی هەرێمی كوردستان لەم قۆناغەدا زۆر گرنگە، چونكە وەك گوتراوە: ئەگەر ئاراستەی جووڵەی خۆمان دیاری نەكەین، لەوانەیە نەگەینە ئەو شوێنەی دەمانەوێت بۆی بچین و پێیبگەین.
حكومەتەكانی جیهانی دیموكرات و ئازاد زۆر گوێ لەخەڵكی دەگرن بۆ دیاریكردنی خاڵە لاوازەكان و دۆزینەوەی رێگەچارەكان، چونكە وەك دەڵێن: خەڵك خۆیان دەزانن كێشەكانی خۆیان چارەسەر بكەن ئەگەر بدوێنرێن، بەڵام بۆ ئەوەی بدوێنرێن تەنها پێویستیان بە گوێلێگرتن هەیە.
جاران كە سیاسەت ئاراستەی بەجووڵەی ئابووری دەدا، رەنگە كێشەكانی كۆمەڵگە وەكو ئەوەی ئەمڕۆ ئاڵۆز و گران نەبووبن، بەڵام ئەمڕۆ كە ئابووری ئاراستە بەجووڵەی سیاسەت دەدات، كێشەكان لەلای حكومەتەكان زیاد لەپێویست ئاڵۆزتر بوونە لەبەر نەمانی یان نەبوونی دیدگایەكی رۆشن كە بوارە لەپێشینەكانی ئابووری دیاربكات.


بڕوانە زۆربەی یان هەموو خۆپیشاندانەكانی ئەمریكاو بەریتانیا و یۆنان و ئیتاڵیا و ئیسپانیا و ئیسرائیل، كە پەیامێكی ئابووریی گەورەیان بە ئەودوای جیهان گەیاند، تا ئەو رادەیەی كە دەیڤید كامیرۆن، سەرۆك وەزیرانی بەریتانیای ناچاركرد لەلێدوانێكدا بۆ رۆژنامەی دەیلی تەلەگراف، رەگ و ریشەی كێشەكانی بەریتانیا بۆ هۆكارە ئابوورییەكان بگەڕێنێتەوە و بڵێت: هۆكاری سەرەكی زۆربەی ئەم ئاژاوانەی ئەمڕۆ بریتییە لە راپەڕینی یەكە هەڵوەشاو و نەخۆشەكانی كۆمەڵگە كە نەبوونی و هەژاری و بێكاری بووەتە مایەی خراپ پەروەردەكردنیان و لەدەستدانی هەستی بەرپرسیارێتی.


بۆیە حكومەتەكانی یەكێتی ئەوروپا، پاش گفتوگۆ و شیكردنەوەی زۆر، گەیشتنە ئەو خاڵە سەرەكییەی كە دەڵێت: ئەمڕۆ ئەوروپا پێویستی بەحكومەتی ئابووری هەیە، لەكاتێكدا دوێنێ پێویستی بە ئابووریی حكومەت هەبوو.


بۆیە خۆپیشاندانەكانی هەندێك وڵاتانی ئەوروپاش لەسەر كێشەی دارایی نەك سیاسی، باشترین بەڵگەن بۆ ئەم قسەیەمان، چونكە ئابووری بەهێز و عەدالەتی كۆمەڵایەتی یەكێكە لەتایبەتمەندییەكانی هەر دەوڵەتێك كە دەیەوێت ئارامی و سەقامگیریی سیاسی و كۆمەڵایەتی لە شەقامدا بەرقەرار بێت، لەبەرئەوەی تەواوی چالاكی و كارەكانی دەوڵەت لەسایەی ئارامی و هێمنیدا بەڕێوەدەچن، دەبێتە هەلێك بۆ بیركردنەوە لەچارەسەری ریشەیی هەڵەكان وەك: رێزگرتن لەمافەكانی مرۆڤ و دابینكردنی لانیكەمی ژیانێكی خۆشگوزەران و بیمەی كۆمەڵایەتی و شوێنێكی نیشتەجێبوونی شایان بەمرۆڤ و نەهێشتن یان كەمكردنەوەی رادەی هەژاری و بێكاری لەنێو چینەكانی خوارەوەی كۆمەڵگەو كەناری شارەكان، بۆ هەموو ئەمانەش ئەم هەنگاوانەی لای خوارەوە پێویستن.


یەكەم: بنیاتنانی ژینگەو زەمینەیەكی كراوەو كاریگەری ئابووریی كە ئەڵقەیەك بێت لەزنجیرەی ئابووریی جیهانیدا.
دووەم: پەیڕەوكردنی سیاسەتێكی دارایی رێكخراو و بەتوانا بۆ رێكردن لەگەڵ گەشەسەندنی ئابووریی جیهانیدا.
سێیەم: رێخۆشكردن بۆ بازاڕێكی دارایی و دراویی هارمۆنیی ئەوتۆ كە هەڵاوسانەكەی لەژێر كۆنترۆڵدا بێت.
چوارەم: بەدیهێنانی چاكسازیی هەستپێكراو لەتواناكانی بازاڕی كار.
پێنجەم: گەشەپێدانی ژێرخانێكی بەهێز و بەتوانا بۆ پاڵپشتیكردنی گەشەی ئابووری.
شەشەم: گەشەپێدانی هێزی كاری خاوەن ئاستێكی بەرهەمهێنەری بڵند.
حەوتەم: توانادان بەبازاڕی دارایی بۆ ئەوەی ببێتە سەرچاوەی دارایی سەرەكی یۆ پڕۆژەو سێكتەرە ئابوورییەكان.
  06/05/2013
  1232

زیاتر ...
1
په‌ڕه‌یله‌ 1
ژماره‌ی بابه‌ت