ناوی به‌ش
هەڵوێستم لەسەر دەنگدان بە کاندیدەکانی لیستی ئیسلامی ‌

 ماکوان کەریم
چۆن کاندیدە ئیسلامیەکان هەڵبژێرین؟ - پێوەرمان چی بێت بۆ ئەوەی کاندیدە ئیسلامیەکان هەڵبژێرین؟ چونکە ئەوە دەنگانەی کە موسڵمان ئەیدات بەم پرۆسەی هەڵبژاردنە خوای گەورە لە قیامەتدا لێپرسینەوەی لەسەر دەکات..! کاندیدێکی زۆری ئیسلامیەکان خۆیان پاڵاوتوە بۆ ئەم دووکان و بازاڕەی دیموکراسیە، لەگەڵ هیوای سەرکەوتنیانمو هیواخوازم کە بتوانن گۆڕانکاریەك بکەن، دەنگێك کۆبکەنەوە بۆ ئەوەی پێگەی موسڵمانان بەرز بکەنەوە لە ناو عەلمانیەتی رۆژئاوایی هاوردە بۆ ووڵاتی موسڵمانان و کوردستان بەتایبەتی.. لەم کەین و بەینەدا لە بەرانبەریشیاندا عەلمانیەکان خۆیان هەڵبژاردوە، بەڵام بۆ ئەو کەسانەی کە دەنگ ئەدەن، ئەویان لە بیر نەکردبێت کە ئیسلامیەکان دەبێت دەنگیان بدرێتێ، چونکە ئەم باسە پەیوەندی راستەوخۆی هەیە بە وەلائو تەبڕاوە.. پێویستە لە سەر خەڵکانێك کە پارێزەری شەریعەت و خاوەنی زانست بوون لەم واقیعەنەدا بەتایبەت مەلا بەرێزەکان.. روونکردنەوەیان بدایە، لەم باسە هەستیارانەدا دەبوو بنوسن، بەڵام نەك هەر بەداخەوە، بەڵکو ئەفسوس ئەو مەلا خواقەزایانە فزە لە دەمیان نایەتە دەرەوە بۆ رۆشنفکیر کردنی ئەو خەڵکە.. موسڵمانەی لە مەر ئەو ووڵاتە داماوەی خۆمان، بەهەر حاڵ درێژە نادەمێ.. بەرێزان ئیسلام بۆ خۆی بینایەکی تەواوە بێ هیچ خێچی خواری بەدەستی وەستای کارساز بینا کراوە و کرێکارەکەی خۆی فێرکەری بوە ئاراستەی کردوە.. ئەم ئاینە هیچ خێچیەکی تێدانیە هەمووی وەك رۆژی روون درخشانە، ئاینێکی تەواوە "واریسەکانی" خەواڵون لە کوردستاندا بۆیە ناتوانن بە تەواوەتی شی بکەنەوە، هەڵبەت بە گشتی قسە ناکەم ، بەڵکو - نموزەجی زۆر باشیان تێدا هەڵکەوتوە خوا دەست بە بڵیانەوە بگرێت لەو مەلاو بانگخوازانە. خوای گەورە دەفەرموێت: الْيَوْمَ أَكْمَلْتُ لَكُمْ دِينَكُمْ وَأَتْمَمْتُ عَلَيْكُمْ نِعْمَتِي وَرَضِيتُ لَكُمُ الإِسْلاَمَ دِينًا ئه‌مڕۆ ئاین و به‌رنامه‌که‌تانم به‌ کۆتایی گه‌یاند، وه‌ نازو نیعمه‌ته‌کانی خۆمم بۆ ته‌واو کردن وه‌ ڕازیم به‌وه‌ی که‌ ئیسلام ببێته‌ به‌رنامه‌و دین و ئاینتان.

لەناو ئەم ئیسلامەدا پرەنسیپی هەڵبژاردن هەیە- زۆر جیاوازتر لە دیموکراسی عەیارەکەی ئێستا کە هەر خەریکی ئارایشتە لە سوراو سپیاو هیچی تر بەرهەم نیە.. پێشتر لە بابەتێکی تردا ئاماژەمان کرد بەوەی سەرۆکی هەرێم چۆن هەڵبژێرین.. ئەمە تەواوکاری ئەو باسەیە.. کەواتە پێویستە پێوەرێکمان هەبێت بۆ ئەوەی ئەم کاندیدانەی پێ لە بێژنگ بدەین، بزانین کامیان شیاون ئەوکات هەڵیان بژێرین؛ ئەو پێوەرانەش لە ئیسلامدا دەستنیشان کراون لە شەریعەتەکەیدا. یەکەم : پێوەری هەڵبژاردن لە قورئانی پیرۆزدا.. هەموو باش دەزانین کە ئەم پرۆسەیە واتا هەڵبژاردنی کەسێك بۆ کارێك کە نوێنەری خەڵکە، ئەم کاروپرۆسەیە پێویستی بە دوو تەرەفە؛ یەکەم تەرەف- ئەو کەسەیە کە دەبێتە فەرمانبەری ئەو خەڵکە لە دامەزراوەیەکدا، جا ئەم دامەزراوە پەرلەمانە ، ئەنجومەنی پارێزگایە..یان هەر دەزگاو دامەزراوەیەکی ترە. تەرەفی دەوەم: ئەو خەڵکانەن کە لە پڕۆژەکەدا بەژدارن و هەڵدەبژێرن.. لەدوای لێووردبونەمان لە قورئان و لەسەر ئەم باسانە کە زۆرێك لە نوسەرەکان و رۆشنبیرانی ترئیسلامی نوسیویانە ئەم چەند پێوەرانەم بۆ ئێوەی بەرێز هەڵبژاردوە تا وەك پێوەر لە بەردەستاندا بێت کاندیدەکانی خۆتانی پێهەڵبژێرن منیش وەك ئێوە ئەگەر دەنگم دا هەڵەیدەبژێرم.. لە قورئاندا چوار پێوەرمان هەیە بۆ ئەوکەسەی خۆی کاندید دەکات:

یەکەم و دووەم: پارێزەر و خاوەن زانست(الحفظ)و( العلم)

لە قورئاندا باسی ئەم دوو پێوەرە لە سەر پێغەمبەرێك کۆبۆتەوە کە خۆی کاندید کردوە بۆ کاری حوکومەت و خزمەتکردن بەخەڵکی و بڵاوکردنەوەی بانگەوازی یەکتاپەرستی(توحید) ئەویش پێغەمبەر یوسوفە - سەلامی خوای لێبێت- قَالَ اجْعَلْنِي عَلَى خَزَآئِنِ الأَرْضِ إِنِّي حَفِيظٌ عَلِيمٌ ﴿55﴾

)یوسف) وتی: (حه‌زده‌که‌م) بمکه‌یت به‌ لێپرسراوی سامانی سه‌رزه‌وی (ئه‌م وڵاته‌) (چونکه‌ من له‌خۆم ڕاده‌بینم) که‌ شت بپارێزم و زاناشم که‌ جۆن ده‌یپارێزم (دیاره‌ که‌ ویستویه‌تی له‌ ڕێگه‌ی دادپه‌روه‌ریی و گرنگیدان به‌ ڕزق و ڕۆزیی جێگه‌ی خۆی بکاته‌وه‌ له‌دڵی ئه‌و خه‌ڵکه‌دا تا بانگیان بکات بۆ خواناسی و سه‌رفه‌رازیی هه‌ردوو جیهان(. ئەگەر جوان تەماشای ویلایەت بەکەین لە حوکومەتە یاخوت بە واتایەکی تر فەرمانبەر لە ناو دەوڵەتدا وکاربەدەست بێت دەبێت ئەم دوو خەسڵەتانەت تێدابێت.. پاراستن و زانست. "فەخری رازی" لە تەفسیرەکەی خۆیدا لە باسی ئەم یاتەتەدا دەفەرموێت: "هیچ باسی حەسەب ونەسەب و باوباپیرانی نەکرد، چونکە ئەمە کارکردنە؛ کاریش پێویستی بە پارێزەری و زانین هەیە".التفسير الكبير "زمەخشەری" لە تەفسیرەکەیدا ئەمیش پێناسەیەکی جوانی بۆی کردوە دەفەرموێت: "احفظ واتا پارێزەری ئەوە دەبم کە لەبەردەستمدایە، وەزانستیشم هەیە بەسەر ئەوەی کە چۆن مامەڵەو تەسروفی پێوە دەکەم.. ئەم دوو خەسڵەتە پێناسەی بە ئەمانەت و کافەئەت، ئەم دوو خەسڵەتەش دادپەروەری خوای گەورە دەهێنێتە دی و بەرهەمەکەی دادپەروەری کۆمەڵایەتیە، هەموو پێغەمبەرانیش بۆ خاتری ئەو هاتوون کە کۆمەڵگا لە گەندەڵی و خراپەکاریەوە بەرەو چاکە بەرن".الكشاف. داواکردنی لە بەر خوابێت، نەك بۆ پلەو پایەو دەسەڵات، ئەگەر بۆ سومعەو خۆ زلکردن بوو هیچ بەرهەمی نیە، بەڵام ئەگەر بۆ خوا بوو ئیتر ئەودەمە نەبۆ دەسەڵاتدار کار دەکەیت نە بۆ حیزب نە بۆ دوونیا. ئیبن و کەسیر لە تەفسیری ئەم ئایەتەدا دەفەرموێت: "ئەم مەدحوو سەنایە شیاوە بۆ خاڵکانێکی باس بکەیت ئەگەر نەزانن بن بە تواناکانت ئەگەر لە تۆدا بە دی دەکرێت بۆ رەزامەندی خوای موتەعالە.. حَفِيظٌ واتاکەی هەر بە عەرەبی: خازن أمين.. هەڵگری پارێزەرێکی سەر راستە، عَلِيمٌ: ذو علم وبصرَ بما يتولاه، ئاگادارو زانستمەندە بەوەی دەکەوێتە بەر دەستم".تفسير القرآن العظيم قورتوبی لەمەرڕاڤە ئەم ئایەتدا دەفەرموێت: "هیچ باسی جوانی و بەرێزی باوکی و کوڕی کێیەو لە کێەوە سەرچاوەی گرتوە نەکرد، تەنها باسی ئەەی کرد، کە دەست پاكەو خاوەنی زانستە، چونکە ئەم کارە واتا پاراستن و زانست هیچ پێوسیتی بە روخسارو عەشیرەت و خانەوادە نیە".تفسير القرطبي پێوەری سییەم و چوارەم بۆ کاندیدەکان: هێزو پاراستنی ئەمانەت، ئەمانەت بە چەمکە گشتیەکەی.. خوای گەورە لە سورەتی قەصەص لەسەر زووبانی خێزانی پێغەمبەر موسا بە خەزووری دەفەرموێت: قَالَتْ إِحْدَاهُمَا يَا أَبَتِ اسْتَأْجِرْهُ إِنَّ خَيْرَ مَنِ اسْتَأْجَرْتَ الْقَوِيُّ الأَمِينُ ﴿٢٦﴾

یه‌كێك له‌ كچه‌كان وتی: بابه‌ بۆ به‌ كرێی ناگریت، چونكه‌ به‌ڕاستی چاكترین كه‌سێك كه‌ تۆ بیگریت به‌ كرێ، ئه‌م پیاوه‌ به‌هێزو ئه‌مین و ده‌سپاك و ده‌روون پاكه‌یه‌. کاتێك کە پێشەوا ئەبوبەکر پێشەواعومەری کردە خەلیفە و جێنشین -رەزامەندی خوا لە هاوەڵان بێت- ئەبوبەکر فەرمووی لەبەر ئەوەی دەست پاك و بە هێزە..

"بەغەوی" لە تەفسیرە نایابەکەیدا دەفەرموێت: واتای ئەو ئایەتە باشترین کەس بەکاری بێنی بۆ کار کردن پێویستە بەهێزو دەست پاك بێت، بۆیە کچەکەش بە باوکی فەرموو بیگرە بەکرێ، باوکی فەرمووی کچم چۆن دەزانی دەست پاك و بەهێزە، لەوەڵامدا ووتی: من هێزی موسام بینی -سەلامی خوالێبێت - کە بەردی لەسەر دەمی بیرەکە لادە کە بە دە پیاوی بە هێز لا نەدەچو موسا خۆی بە تەنها لایبرد ، بە ئێمەشی ووت من پێشتان دەکەوم بۆ ئەوەی لارو لانجەی ئافرەتەکان نەبینێت و چاوی بۆی نەڕوانێت و سەیریان بەکات بە شێوەیەکی نەشیاو. تفسير البغوي. کەواتە ئەو کاندیدە دەبێت توانی بەهێزی هەبێت لە بڕیاردان و لە لاشەیشدا خاوەنی کەسایەتی بەهێز بێت، لە رووی ئەمانەتەوە پارێزەری حورمەتی خەڵکی و شەرەفی خەڵك و سەروەت و سامانیان بیت و سامانی ووڵات بەفیڕۆنەبات.

دووەم : پێوەری هەڵبژاردن لە سوننەتی پێغەمبەردا (صلی اللە علیە وسلم) لە ژیاننامەی بۆن خۆشی پێغەمبەرماندا (صلی اللە علیە وسلم) نمونە گەلێکی زۆر و بەرچاورونیەکی زۆری تێدایە، ئەگەر بە چاوی موشتەریەوە تەماشی بکەین، لەوانە بریتین لە : یەکەم : وەرگرتنی ئەو پۆستانە بەو کەسانەی کەشیاون بۆ ئەو جێگایە: پێغەمبەر خوا (صلی اللە علیە وسلم) هەرگیز نە دەهێشت کەسایەتیێکی وەك " ئەبوزەری غیفاری" کاندید بێت بۆ هیچ پۆستێك، چونکە کەسایەتێکی لاواز بوو بۆ دەسەڵات و فەرمانڕەوای، تەنانەت جارێك لە پێغەمبەرمان (صلی اللە علیە وسلم) دەپرسێت: بۆ کاندیدم ناکەیت بۆ پۆستێك؟ سەروەرمان(صلی اللە علیە وسلم) راستەخۆ پێفەرموو: ئەی "ئەبو زەڕ تۆ" کەسایەتیەکی لاوازی ئەمەش ئەمانەتە!..لێپرسینەوەی هەیە لە قیامەتدا چاوشۆری و پەشیمانی لەدوایە ئەگەر مرۆڤ نەتوانێت وەك خۆی بیپارێزێت و حەقی خۆی بداتێ. دووەم: خەڵکی خاوەن تواناو تایبەتمەندی لە بواری خۆیدا:

هەریەك لە هاوەڵان تایبەتمەندی خۆیان هەبوو لە سیرەدا بۆمان باسکراوە، هەریەکەیان تواناو هێزی و نموزەجێکی جیاواز بوون، بەڵام بە هەموویان پێکهاتەی ئوممەتی موسڵمان بوون..! بۆ نمونە ابن عەباس بە ٣ رۆژ جارێك قورئانی خەتم دەکرد، بەڵام ئەبوزەری غیفاری بە ٣٥ ساڵ خەتمی کرد، خالیدی کوڕی وەلید شمشێری خوا بوو، بەڵام سورەتێك لە قورئانی لە بەر نەبوو، تەنانەت پێغەمبەر ناوی لێنابون، تواناو ووزەکانی دۆزیبوونەوە، ئەبوبەکری بە بەرەحم ناودەبرد، عومەر بە توند لەسەر فەرمانی خوای ئاماژە بۆ کردبوو ، عوسمان بە حیاو بە شەرم ناوی نابوو سەروەرمان (صلى الله عليه وسلم) .. زاناترین کەس بە شەریعەت و حەڵاڵ وحەرام موعازی کوری جەبەل بوو، زیدی کوڕی سابت هەمیشە پیاوێکی خاوەن ظەبت و رەبتی سەربازی و فەرزەکان بوو ، دەنگ خۆشیان ابی بن کەعب و دەستپاکی ئەم ئوممەتەش ئەبا عوبێدەی جەراح بوو، زۆری تر لە هەوەڵان پێغەمبەر تایبەتمەندیەکانی دەزانین و ناوی لێنابوون و دەیزانی لە چیدا بە توانان تا لەوکارەدا کاریان پێبسپێرێت.. کەواتە ئەوە کەسەی کە هەڵدەبژێری دەبێت بزانی شیاوە بۆ ئەو جێگایە؟

سێیەم: سپاردنی کاریك بە باشترین وتوانادارترین کەسییان لە کاندیدەکان:

لە سیرەی بۆن خۆشی سەروەرماندا (صلى الله عليه وسلم) کێ شیاوترە ئەو کەسە هەڵبژێرێت ئەشێت هەمووان شیاو بووبوون، بەڵام ئەگەر شیاوترهەبوو دەبێ بی دوودڵی هەڵیبژێرین.. بۆنمونە هاوەڵان هەموو دەیانتوانی بانگەواز بکەن وکردیشیان - رەزامەندی خوا لە هەمووویان بێت- ، بەڵام باشترینیان بۆ ناو شاری مەدینە موصعەبی کوڕی عومەیر بوو.. یاخود عەلی کوری ئەبوتالیب بوو لە جەنگی خەیبەردا هەڵگری ئاڵاکە بوو ئەو شیاو بوو بۆ ئەو کارە. خۆ ئەو رۆژە هەموو ئاواتە خوازبوون کە ئاڵاکە هەڵگرن ، بەڵام پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) فەرمووی: سێ جار کوا عەلی؟ لە کاتێکشدا ئامادە نەبوو بەڵام هەر بانگی کردو دایە دەستی، چونکە شیاوتر بوو بۆ ئەو کارە، وەلاراستیشدا فەتحەکە لەسەر دەستی عەلی کوڕی ئەبی تالیب کرا. یاخود بیلال کە کرایە بانگدەر، ئایا کەسی تر نەیدەتوانی ئەو کارە بکات بیگومان دەتوانرا بەڵام بیلال شیاوترین بوو بۆ ئەوە فەرمانە، دەنگی ئەو خۆشترو بەهێزتربوو لە هاوەڵانی دیکە. چوارەم: ئەو کەسەی کە قورئانی زۆرتری لەبەرە و پارێزەری نوێژەکانیەتی: ئەم ئاینە لەسەر چەند پایەیەك وەستاوە و ئەم بینا بەرزەی ئیسلامەی لەسەر کراوە، پێویستە پایەکانی راگیراو بێت، تا بیناکە نەروخێت، وە خۆشی پێشەنگ بێت بۆ ئەو خەڵکانەی کە دەنگی پێئەدەن لە مزگەوت کاتی نوێژەکاندا ئامادەبێت بۆ ئەوەی خەڵکی چاوی لێبکات، تەنانەت یەکێك لە فەرمانی خەلیفەی موسڵمانان لە ناوە سیستەمی خەلافەتدا ئەوەیە کە هەمیشە دەبێت خوێندنی نوێژ بە بیری موسڵمانان بنێتەوە، ئەوکەسەشی کە قورئان خوێنە هەمیشە پێغەمبەری خوا ئەوی کردۆتە سەر مەشق وئەمیر، چونکە بەرپرسیاریەتی زیاتر دەخاتە سەر شانی خۆی..

پێوەری سێیەم: ڕای زانایان بۆ هەڵبژاردنی چاکەسازو خەڵکی ئیصڵاحخواز:

هەروەها زانایانی ئەم ئوممەتە لە سەر ڕێنموویی قورئان سوننەت ئەوانیش باسیان لەسەر ئەو کەسانەی کە دەیانەوێت چاکسازی بکەن یان خۆیان هەڵبژێرن بۆ هەر فەرمانگایەك و کارێکی لەو جۆرە، ئەوانیش پێوەری خۆیان هەیە لەوانە چەند زانایەك باس دەکەم کە زیاتر لە سەر فەرمانڕەوای و کاری دەسەڵات و حوکومەتدا قسەو باسیان کردوە لەوانە: یەکەم: ئەبو حەسەنی ماوەردی : دەفەرموێت ئەوە کەسەی کە هەڵدەبژێرن بۆ کارێك پێویستی بە سی مەرج هەیە.. یەکەم :- دادپەروەربێت بە مانا بەرفراوانەکەی واتا لە چەمکی دادپەروەری تێگەیشتبێت و خۆشی پیادەی بکات.. دووەم:- زانست ببێتە چرای دەستی تا بیگەینێتە ئەو راستی و ئامانجەی کە دەیەوێت بە دی بهێنێت، تا ئەو جێگایەی دەیەویت ببێتە پێشەواو لەسەر ئەمەرجانەی کە بۆی دیاری کراوە بیهێنێتە دی. سێیەم:- خاوەنی ڕای تایبەتی و وەعی سیاسی و پاشان بە حیکمەت بە کارهێنانی ..واتا" ڕاو حیکمەت"ی تێدا کۆببێتەوە بۆئەوەی بتوانێت جەمسەرەکان بخوێنتەوە باش پەی بەرێت بە واقعەکەو بۆ ئەوەی زیاتر خزمەت بە خەڵکی بکات، شارەزایش بێت لە شەرعی خوا بۆ ئەوەی خۆشی و خەڵکی ناخاتە ناو تەنگەژەوە. لێرەدا ئەوەمان بۆدەردەکەویت لەسەر قسەی ئەم زانا بەرێزە ئەوایە کە دەبێت ئەوەکەسە دەچێتە ئەو جێگایە، هەست بە بەرپرسیاریەتی بکات وانەزانێت بۆ خۆشی و پێگەشتنی خۆیەتی، چونکە بەرپرسیاریەتی لە ئیسلامدا ئەرکی قورسترە، ئەو کەسەی ئەیگرتە ئەستۆ دەبێت لە ئاستیدا بێت. الأحكام السلطانية.

دووەم: عزی کوڕی عەبدوسەلام.. ئەم زانا بەرێزە- زۆر جوانترو شیاو شیدەکاتەوە دەفەرموێت: لە باسی ئەو کەسانەی کە دەیانەوەیت ببنە کاربەدەست و یاخود بچنە ناو فەرمانگەیەك کار بکەن دەفەرموێت: بەهێزترین کەس هەڵبژێرن لە خەڵکی تا بتوانیت چاکەی خەڵکی لە بەرچاوبێت و فەسادیان لێدوور بخاتەوە، ئەو کەسانە پێشبخەن کە شارەزان لە سوننەتی پێغەمبەرصلی اللە علیە وسلم بۆ کار کردن، پاشان خەڵکی خاوەن بیرو هۆش و تێگەیشتو لە کارەکان بخەنە پێشەوە، نەك هەر کەسانێکی خوێنەوار..مەبەستی(فەقیهە نەك کەسی رۆشنبیر) واتا ئەوەی کە رۆشنبیرە تەنها رۆشنبیری هەیە لەسەر پرسەکان، بەڵام خەڵکی لێزان و شارەزاو تێگەیشتو لەو کارانە دەزانێت چۆن مەصڵەحەتی خەڵکی بەرێوەبەریت ودووریان بخاتەوە لە خراپەکاری.. ئینجا نمونەی ئەو کاسانە کە دێنێتەوە پێوەریان دەکات بە نوێژ خوێنی باش، چونکە هەمیشە پاك و خاوێنن، راست بێژن و لە خوا ترسن، جلو بەرگیشیان پاکە، دوورن لە هەموو پیسیەکەوە، لە ناو خەڵکیدا بۆن خۆش و خۆشەویستن.. ئینجا باسی نمونەیەك دەکات بۆ تیگەیشتن لەو باسەی خۆی دەفەرمویت: ئەگەر چوار کەس پرۆژەیان دایە خەلیفە بۆ خزمەت کردنی هەتیو و بێ سەرپەرشتەکان ئەوە دەسەڵاتدار یان حاکم یان خەلیفە ئەو کەسە هەڵدەبژێرێت کە شارەزاترە بە باروگوزەرانی هەتیوان و ئیسڵاحی حاڵیان دەکات، پاشان هەر "عزی کوری عەبدوسەلام" دەفەرموێت: ئەی ئەگەر هەر چواریان باش بوون؟ ئەوا هەتیوەکان دابەش دەکرێت بە سەر هەر چوار کەسەکەی کە پرۆژەکەیان پێشکەش کردوە..! لێرەدا شتێکی زۆر جوان باسدەکات( سبحان اللە) دەڵێی بۆ ئەم سەردەمە قسەمان بۆ دەکات- رەحمەتی خوا لەم زانا بەرێزە بێت- دەفەرمویت ئەگەر ئەم چوارکەسە ناکۆکی کەوتە نێوانیان ئیتر ئەم ناکۆکیە وایان لێدەکات کە پەی نەبەن بە چاکسازی و ئیسلاح، پێویستە.. ئەو کەسیەیان هەڵبژرێت لە ناو هەمویاندا کە زانایەو بەهێزە و خاوەنی فێڵ و توانای پلان و تەکتیکی سەربازیە، وە هەر ئەو کەسێکیان هەڵدەبژێرێت ئەو سیانەی تر هەریەکەیان کاری تریان بۆ ئەدۆزرێتەوە، دەسەڵاتدرای ووڵات ئەو کارە ئەگرێتە ئەستۆی خۆی بۆ ئەوەی پرۆژەی هاورێکەیان نەخەنە مەترسی و فەشلەوە، ئەوانیش جێگاو کاریان بۆ دەست نیشان دەکرێت کە لایەق بێت بە خۆیان.

هەرچەندە ووتەکانی روونە شیکاری زیاتر هەڵناگرێت، بەڵام ئەوەی کە پێویستە بیڵێم سێ تێگەیشتن هەیە پێویستە لە بەر چاو بگیرت بۆ هەر کاندیدێك هەڵی دەبژێرن یەکەم: شارەزابێت لە واقع.. واتا فیقهی واقع بزانێت. دووەم: شارەزابێت لە جەمسەرەکان و یاریە نێودەوڵەتیەکان.. واتا فیقهی لاسەنگی وپارسەنگی(تەوازون موزەنات) بزانێت. سێیەم: شارەزابێت لە چی پێویستە لە سەرەتا بکرێتواتا ئەوەی یەکەمە.. واتا فقیهی ئەولەویات..! قواعد الأحكام في مصالح الأنام

سێیەم:- شێخولئیسلام ئیبن وتەیمییە.. شێخولئیسلام ئیبن وتەیمییە - رەحەمتی خوای لێبێت- ئەفەرموێت: هەموو پۆستێك کە بۆ چاکسازیو خزمەتکردنە لە دەسەڵاتدا دوو روکنی سەرەکی هەیە: یەکەم : هێز دووەم: پاراستنی ئەمانەت پاشان سوڕەتی قەصەص ئایەتی ٢٦ دێنێ و بەوە ئیستیدلال دەکات دەفەرموێت:(إِنَّ خَيْرَ مَنِ اسْتَأْجَرْتَ الْقَوِيُّ الأَمِينُ) پێشتر ئاماژەم داوە بە راڤەکەی، پاشان ئیستیدلال دەکات بە سورەتی یوسوف -علیە السلام- ئایەتی٥٤( إِنَّكَ الْيَوْمَ لَدَيْنَا مَكِينٌ أَمِينٌ).. پاشا وتی: ئه‌مڕۆ ئیتر تۆ له‌لای ئێمه‌ ده‌سه‌ڵاتت هه‌یه‌، به‌ته‌واویی لێت دڵنیاین و (جێگه‌ی ڕازی ئێمه‌یت) واتا دڵنیایە بەهێزو توانای و بە ئەمانەتی پێغەمبەر یوسوف. هەوەرها شێخولئیسلام ئیستیدال دەکاتەوە بە وەسفو پێناسەی جوبریل - علیە السلام- (إِنَّهُ لَقَوْلُ رَسُولٍ كَرِيمٍ * ذِي قُوَّةٍ عِنْدَ ذِي الْعَرْشِ مَكِينٍ * مُطَاعٍ ثَمَّ أَمِينٍ) سوێند به‌وانه‌ی هه‌مووی) به‌ڕاستی، بێ دوودڵی ئه‌م قورئانه‌ له‌ زاری نێردراوێکی به‌ڕێزه‌وه‌یه‌ (که‌ جوبره‌ئیله‌).. خاوه‌نی هێزو ده‌سه‌ڵاته‌و لای خاوه‌نی عه‌رش، فریشته‌یه‌کی پایه‌داره‌... فه‌رمانڕه‌وایه‌، هه‌روه‌ها ئه‌مین و دڵسۆزه‌ له‌ کاره‌کانیدا. هێزییش دەفەرموێت جۆری هەیە لە دەسەڵات و ویلایەتدا: - هێزی جەنگ: دڵی ئازاو لاشەی ڕێك پێکی دەوێت، تاکتیك و پلانی جەنگی پیویستە.. وەهەروەها.. نمونەی رەمی و فەرمودەکی سەعد دێنیتەوە لەسەری.. - هێزی دەسەڵات و بڕیار: باس لەوە دەکات کە دوو مەرجعە دادپەروەری و زانست،بەڵام دەبێت خاوەنەکەشی ئازایەتی تێدابێت، سەرچاوەکەشی قورئان سوننەتە.. وەهەروەها نمونەی گەلێکی ئایەت و فەرمودەی بۆ هێناوتەوە.. یەك نمونە دێنمەوە ئیستیدلالی بە قورئان کردوە دەفەرموێت:( فَلا تَخْشَوُا النَّاسَ وَاخْشَوْنِ وَلا تَشْتَرُوا بِآيَاتِي ثَمَنًا قَلِيلاً وَمَنْ لَمْ يَحْكُمْ بِمَا أَنْزَلَ اللَّهُ فَأُولَئِكَ هُمُ الْكَافِرُونَ)٤٤ المائدە.. له‌ خه‌ڵکی مه‌ترسن به‌ڵکو ته‌نها له‌ من بترسن وه‌ ئایه‌ته‌کانی من به‌ نرخێکی که‌م مه‌فرۆشن (ئه‌گه‌ر هه‌موو دنیاش بێت هه‌رکه‌مه‌) جا ئه‌وه‌ی حوکم و داوه‌ری به‌و به‌رنامه‌یه‌ نه‌کات که‌ خوا ڕه‌وانه‌ی کردووه‌، ئه‌و جۆره‌ که‌سانه‌ له‌ ڕیزی کافراندان. السياسة الشرعية

پوختەی ووتەکان ئەوەیە: من نەهاتووم لێرەدا ناو هەڵبژێرم!! بەڵکو هاتووم پێتان بڵێم کێ خاوەنی ئەم سیفاتو خەسڵەتانیە یاخود لێوەی نزیکە..هەڵیبژێرن خوای گەورە موسڵمان سەرکەوتو بکات.. لێرەدا بەشتێکی گرنگ کۆتایی پێدێنم: بەرێزان پێویستە دەنگ بدەن بە ئیسلامیەکان، ئەگەر گەندەڵیشن ، هەر ئەوان باشترن، چونکە بەو دەنگانە پێگەی موسڵمان و زەمینە سازییەکە باشتر دروست دەبێت، لەوانە خوای گەورە لە دوایدا لەسەر دەستی پیاوچاکێك و سەرکردەیەکی لێزان و کارسازدا کۆمان بکاتەوە.

فَسَتَذْكُرُونَ مَا أَقُولُ لَكُمْ وَأُفَوِّضُ أَمْرِي إِلَى اللَّهِ إِنَّ اللَّهَ بَصِيرٌ بِالْعِبَادِ

جا له‌ ئاینده‌ دا ڕۆژێك دێت، ئه‌م قسانه‌ی منتان بێته‌وه‌ یاد، ئێستاکه‌ش من خۆم و کار و باره‌کانم ده‌ده‌مه‌ ده‌ست خوا و پشت به‌ خوا ده‌به‌ستم، چونکه‌ بێگومان خوا بینایه‌ به‌ به‌نده‌کان.

  25/07/2013
  1265

زیاتر ...
1
په‌ڕه‌یله‌ 1
ژماره‌ی بابه‌ت